کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئەگەری لە سێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بەهێزە

18:24 - 7 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ مەترسیی لە سێدارەدانی \'\'زانیار و لوقمان مورادی\'\' دوو زیندانیی سیاسیی کورد، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.


بە زیادبوونی شەپۆلی ئیعدامەکان لە ئێراندا، رێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ مەترسیی لە سێدارەدانی \'\'زانیار و لوقمان مورادی\'\' دوو زیندانیی سیاسیی کورد، هوشداریی دا و رایگەیاند: کە ژیانی ئەو دوو زیندانییە کوردە لە مەترسی دایە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وێڕای ئاماژە بە ئیعدامی زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی لە ئێراندا، راشیگەیاند: ئەگەری لە سێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهێزە.
لەم پێوەندییەدا جێگری ئەو ناوەندە چالاکەی بواری مافی مرۆڤ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، وتوویەتی: بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەروا درێژە بە ئیعدامی هاووڵاتییان دەدەن، ئەو کردەوەگەلە دەرخەری ئەوەیە کە بەڵێنی و قسەی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ باش بوونی بارودۆخی هاووڵاتییان، تەنیا دروشمە و لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پاش بەدواداچوونی دووبارەی ئیمام جومعەی شاری مەریوان و سەردانی ناوبراو بۆ تاران و دیتنی بەرپرسانی قەزایی، بڵاوی کردەوە، کە ئەگەری بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئارا دایە.
ئەو رێکخراوە جیهانییەی چالاکی بواری مافی مرۆڤ، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە و هەروەها راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی خێرای تێکڕای مەحکووم کراوانی بە ئیعدام لە ئێران دایە.
زانیار و لوقمان مورادی رێکەوتی ٥ رەزبەری ١٣٨٨ی هەتاوی بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و لە بەرفرانباری ١٣٨٩ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە تۆمەتی \'\'دژایەتیی خوا و تاوان لەسەر گۆی زەوی\'\' سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو بڕوایە دایە کە سزای ئیعدام دەبێ رابگیردرێ و نابێ لە سێدارە وەکوو سزایەک بەکار بهێنرێت، بەو هۆکارە کە کردەوەیەکی دژەمرڤانە و بێ‌رەحمانەیە.