کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە یەک میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی داربەڕووی زاگرۆس وشک بوون

17:14 - 6 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، یەک میلیۆن و ١٣١ هەزار و ٢٢٠ هێکتار لە رووبەری دارستانەکانی داربەڕووی زاگرۆس وشک بوون.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، وشکەساڵیی بەردەوام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، گۆڕانی کەش و هەوای ناوچە، زۆربوونی تۆز و خۆڵ و وردیلەکان لە ژینگە و کەڵک وەرگرنتی لەرادەبەدەر لە روەکە خۆراکییەکان و لێڕەوارەکان، لە هۆکارەکانی وشکبوونی دارستانەکانی داربەڕووی چیاکانی زاگرۆس راگەیەنراوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان، رێژەی وشکبوونی داربەڕووی چیاکانی زاگرۆس لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی زیاتر ١٠٠ هەزار هێکتار، ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٣٠٠ هەزار هێکتار و هەروەها لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٩٠٠ هەزار هێکتار راگەیاندووە.

لە تێکڕای سەوزەڵانیی دارستانەکانی ئێران، زیاتر لە ٦ میلیۆن هێکتاری لە چیاکانی زگرۆس هەڵکەوتووە کە زیاتر لە ٨٠ جۆر بوونەوەری روەکی بوونی هەیە.