کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە یەک هەزار کەس لە قەیرانی ئەم دوایی‌یەی عێراقدا کوژراون

18:17 - 4 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: قەیرانی نوێی عێراق لە ناوچە رۆژئاوایی‌یەکانی ئەو وڵاتە، هەتا ئێستا زیاتر لە یەک هەزار کوژراوی لێ کەوتووەتەوە.
رادیۆ فەردا بە پشت بەستن بە ئاماری رێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای تێکهەڵچوونەکانی عێراق لە مانگی ژووەنی ٢٠١٤ەوە هەتا ئێستا زیاتر لە یەک هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئەم ئامارە لە سەرەتای هێرشەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هەتا ئێستا لانیکەم یەک هەزار و ٧٥ کەس کوژراون.

بەگوێرەی راپۆرتەکان زۆربەی قوربانییان هاووڵاتیی سڤیلی عێراقین و سەدان کەسی دیکەش بە هۆی ئەو تێکهەڵچوونانەوە بریندار بوون.

بەپێی دوایین ئامارەکانی بەرگریکارانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان، مانگی ژووەن یەکێک لە خوێناویترین مانگەکانی عێراق پاش چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەرتشی ئەمریکا لەو وڵاتە دایە.

قەیرانی نوێی عێراق لە مانگی ژووەندا دەستی پێ کرد و پارێزگا و شارەکانی مووسڵ، دیالە، تکریت و سەلاحەدینی گرتەوە و هەنووکەش هەر درێژەی هەیە.