کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لەسەدا ٣٠ی قوتابییان، لە قوتابخانە پرتووکاوەکانی ئێراندا سەرقاڵی خوێندنن

14:16 - 11 رەزبەر 2713

کوردستان مدیا: بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە کاتێکدا خوێندگە پرتووکاوەکان بە \'\'بۆمبی ساعەتی\'\' دەشوبهێنن، کە بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، \'\'یەک لەسەر سێ\'\'ی قوتابییانی ئێران لە قوتابخانە پرتووکاوەکاندا سەرقاڵی خوێندنن.


بە وتەی بەرپرسانی رێژیم، لە ساڵی ١٣٨٤دا لەکۆی ١١٠ هەزار قوتابخانە لە ئێران، ٢٦ هەزاریان ناستاندارد بوون و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە بووە و ٣٢ هەزاریشیان پێویستیان بە رووخان و سەرلەنوێ سازکردنەوە بووە.
هەروەها لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویشدا، ٦٦%ی قوتابییانی ئێران لە قوتابخانە کۆن و ناستانداردەکاندا خەریکی خوێندن بوون و هەر لەو ساڵەدا مەجلیسی رێژیمی ئێران، بوودجەی ٤ میلیارد دۆلاری بۆ نۆژەن کردنەوەی خوێندگاکان پەسند کرد.
هەنووکە پاش ٧ ساڵ بەسەر پەسندکرانی بووجەی ٤ میلیار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، تەنیا نیوەیان نۆژەن کراونەتەوە و یەک \'\'لەسەر سێ\'\'ی قوتابییانی ئێران لەو قوتابخانانە دەرس دەخوێنن کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە و ستانداردسازی هەیە.
بەوتەی بەرپرسانی رێژیم، خوێندگاکانی ئێران کۆن ناستانداردن و وەکوو \'\'بۆمبی ساعەتی\'\' ناوی لێ دەبەن.
لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئیمدادی پارێزگای خوراسانی باکوور، وتویەتی: \'\'نزیکەی ٤ هەزار قوتابیی ئێرانی بە سەرپاییەوە دەچنە قوتابخانە و زیاتر لە ٤ هەزاری دیکەش پۆشاکی پێویستیان نییە\'\'.
ئەو بەرپرسە وتیشی: \'\'نزیکەی ٤ هەزار قوتابی کیفیان نییە و کتێبە دەرسییەکانی خۆیان بە بێ کیف هەڵدەگرن\'\'.
کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئامووزش و پەروەرشی رێژیمی ئێران لە شوێنی سازکردنی بینای قوتابخانەکان و هەڵکەوتنی ئەو قوتابخانانە لەسەر رێگای هاتوچۆی ماشینەکان و جادە سەرەکییەکان، گیانی ٤ هەزار قوتابیی لە پارێزگای ئورمیە خستووەتە مەترسییەوە.
لە پارێزگای ئورمیە ١٩٠ قوتابخانە لە قەراخ جادەکاندا هەڵکەوتووە و نەبوونی هێمای پێویست لەمەڕ نیشانەکانی ئەو بینایانە وەکوو قوتابخانەیەک، ساڵانە ژمارەیەک قوتابی دەکاتە قوربانی.