کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەسەر خوێندنی باڵا لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو

17:28 - 6 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: سمینارێکی تایبەت بە خوێندنی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات لە زانکۆکان و چۆنیەتیی هەڵبژرانی رشتەی خوێندن، لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئیسکیلستونا و یەکیەتیی کوردان سمینارێکیان لەژێر ناوی \'\'خوێندنی باڵا، لاوان و خوێندکارانی کورد\'\' رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری ئیسکیلستونای وڵاتی سوێد بەڕێوەبرد.
سەرەتای ئەو سمینارە وێڕای خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، باسێک سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی سمینارەکە و هەروەها بڕگە و بابەتەکانی لەلایەن \'\'رزگار بارامی\'\'یەوە پێشکەش کرا.
پاشان \'\'مەنسوور عەزیزی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات، لە پێوەندی لەگەڵ خوێندنی باڵا لە نێو لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵاتدا و کاریگەریی ئەو رەوتە لەسەر دۆزی کورد لە داهاتوودا پێشکەش کرد.
دواتر دوو لاوی کورد بە ناوەکانی \'\'رۆبین و لەزگین\'\' کە خوێندنی باڵایان لە وڵاتی سوێد تەواو کردووە لەسەر چۆنیەتیی خوێندن لەو وڵاتە و دیاریکردنی رەشتە بۆ بەشداران دوان.
سمینارەکە بە رەخنە، پێشنیار و تێبینیی بەشداران و دواتریش وەڵامدانەوەی کۆڕگێڕان کۆتایی پێهات.