کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سـنە/ سمینارێک لەبارەی گیرۆدەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان بەڕێوەچوو + وێنە

16:43 - 1 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ناوەندی راوێژ و پێشگیری لە ماددە هۆشبەرەکان بە هاریکاریی ئەنجومەنی هاوڕێ هەورام لە زانینگەی پەیامی نووری سنە، سمیارێکیان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، ناوەندی راوێژ و پێشگرتن لە تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجومەنی هاوڕێ هەورام سمینارێکی تایبەتیان لە ژێر ناوی هەنسای مەرگ (تنفس مرگ) بەڕێوەبرد.

ئەو سمینارە لە زانینگەی پەیامی نووری شاری سنە بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایان و پسپۆرانی شارەزا لەو بارەوە رێکخرابوو.

لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا، سروە حەبیبی بەرپرسی ناوەندی راوێژ و پێشگرتن لە تووشبوون بە ماددە هەشبەرەکان دوای باسێک لەسەر ماددەهۆشبەرەکان، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی وەسف کرد.

دواتر دوکتور حەق مورادی لە پێوەندی لەگەڵ دزەکردنی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و کێشەکانی بنەڕەتی بەو مەسەلەیە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا دوکتور موراد رەسووڵی لە پێوەندی لەگەڵ بواری رەهەندی دەروونناسی و تایبەتمەندییەکانی تاک قسەی کرد.

بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ راو بۆچوونی بەشداربووان تەخان کرابوو.

لە بەشی راو بۆچوونەکان کە تەرخان کرابوو بە بەشداربوان، سەرهەنگ دەلێری بەبێ ئەوەی بەڵگەیەک بخاتە روو، سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لەبارەی خەبات دژی ماددە هۆشبەرەکان کارا و لێهاتوو وەسف کرد.

وتەکانی ئەو بەرپرسەی سەربەر رێژیمی ئێران لە کاتێک دایە کە بە سەرنجدان بە بەڵگە و ئامارەکانی کە لەبەر دەست دان رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەست وپێوەندییەکانی ئەو رێژیمە لەو کەسانەن کە نێو کۆمەڵگای ئێراندا بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.