کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ سکرتێری UNPO کۆبووەوە

16:32 - 30 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی کۆبوونەوەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک، هەیئەتی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری، لەگەڵ سکرتێری UNPO لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئەمنییەتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆبوونەوە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ مارینیو بودستاچی سکرتێری UNPO کۆبوونەوە و باسی چۆنیەتی پتەو کردنی هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نەتەوە زوڵملێکراوەکانی ئێران کە ئەندامی UNPOئەن کرا.

لەم پێوەندییەدا بودستاچی داوای لە حیزبی دێموکرات کرد کە لە هەموو بوارێکدا هاوکاریی زیاتری نەتەوەکانی دیکەی ئێران بکا بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کاریگەری زیاتریان هەبێ لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆی ئێران.

بودستاچی هەروەها گوتی: خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات باشقەیەکە بۆ نەتەوەکانی دیکە و هەر بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن کاریگەریی پێویستیان هەبێ لەسەر ڕەوشی سیاسیی خۆیان.

لە وەڵامی قسەکانی بودستاچیدا، هیجری سپاسی UNPOی کرد و پێداگریی لەسەر ئەو ڕاستیە کرد کە؛ تا ئەو جێگایه کە بۆی کراوە هەموو شێوە هاوکارییەکی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی کردووە و لە ڕێگای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵەوە، نەتەوەکانی ئێران هەماهەنگی و هاوکاریی یەکتر دەکەن و ئەم پرۆسەی هاوکاری کردنە لە داهاتووشدا درێژەی دەبێت.

هیجری هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ حیزبی دێموکرات هیوادارە کە ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بتوانێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەشەکانی دیکەی ئێران دابنێ و هەموو نەتەوەکانی ئێران پێکەوە خەباتیان بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان پتەوتر بکەن، بەم شێوە بگەن بە ئامانجەکانیان.