کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیامەند ڕەحمان دیسان بوو بە قارەمانی جیهان

21:39 - 1 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: لە دوایین کێبڕکێیەکانی جامی جیهانیی وەزنەبەرداریی کەم ئەندامان، سیامەند ڕەحمان بەهێزترین پیاوی کەم ئەندامی جیهان، لەو کێبڕکیانەدا، توانی پلەی قارەمانییەتی بەدەست بێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سیامەند ڕەحمان لە کێبڕکێیەکانی بەشی کێشی هەرە قورس‌دا، بە هەڵگرتنی وەزنەی ٢٧٥، ٢٨٦ و ٢٩٦ کیلۆگرەم،‌ توانی جارێکی دیکەش ببێتە قارەمانی دەستەی باڵای ١٠٧ کیلۆیی لە جیهاندا.

ڕەحمان هەروەها بە هەڵگرتنی ئەو کێشە، توانی دیسان ڕێکۆردێکی نوێ تۆمار بکات و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانە بەدەست بێنێت.

لەو کێبڕکێیانەدا، نوێنەری وڵاتی میسر بە ڕێکۆردی ٢٢٦ کیلۆ، پلەی دووهەم و نوێنەری ئۆردۆن بە ڕێکۆردی ٢٢٠ کیلۆ، توانی پلەی سێهەم بەدەست بێنێت.

کێبڕکێیەکانی جامی جیهانیی وەزنەبەرداری، بە بەشداریی ٢٠٠ وەزنەبەردار لە ٤٢ وڵاتی جیهان، لە ڕێکەوتی ٢٦ هەتا ٢٩ی ڕێبەندان، لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە چوو.

سیامەند ڕەحمان ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە لەدایک بووە و وەکوو وەرزشوانێکی کەم ئەندام، لە ڕشتەی وەزنەبەرداری‌دا، دەستی بەکار کردووە و هەتا ئێستا چەندین جار قارەمانیی کێبڕکێیەکانی جیهانی بەدەست هێناوە.