کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێکی رێژیمی ئێران لە باکوو بە ١٥ ساڵ زیندان حوکم درا

16:35 - 20 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی ئێرانیی دانیشتووی کۆماری ئازەربایجان بە تاوانی \'\'سیخوڕی بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\'، سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.


بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، \'\'بەهرام فەیزی\'\' هاووڵاتیی ئێرانیی دانیشتووی کۆماری ئازەربایجان کە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی دەسبەسەر کرابوو، حوکمی پازدە ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
دادگای کۆماری ئازەربایجان ئەو هاووڵاتییەی بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو رێژیمە، بە مەبەستی پیلاندانان بۆ تیرۆر و هێرش کردن بۆسەر باڵوێزخانەی ئیسراییل لەو وڵاتە و هەروەها بە تاوانی هەڵگرتن و کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر بە ١٥ ساڵ زیندانی حوکم دا.
دادگایی کردنی ئەو سیخۆرەی رێژیمی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان لەلایەن کۆماری ئازەربایجانەوە لە سەرەتای مانگی سپتامبری ئەمساڵەوە دەستی پێکردبوو.
ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی چووەتە شاری باکۆ و پاش ساڵێک لەو شارەدا ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.
رێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوانبار کراوە و ساڵانە دەیان هاووڵاتیی ئێرانی دانیشتووی وڵاتانی دیکە بە تاوانی هاوکاری رێژیمی ئێران و سیخوڕی بۆ سپای پاسدارانی رێژیم مەحکووم دەکرێن.