کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی کورد لە بۆکان و مەهاباد دەسبەسەر کران

16:42 - 3 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران لە بۆکان دوو هاووڵاتی و لە مەهاباد وێنەگر و کاریکارتۆریستێکیان دەسبەسەر کرد.


ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دوێنی ٢ی پووشپەڕ بڵاوی کردەوە، دوو هاووڵاتیی کورد بەناوکانی \'\'حوسێن خزرپوور و کامیل فەقێ ئەحمەدی\'\' رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، خەڵکی گوندی قەرەگۆل سەربە شارستانی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران، بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزراون و هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەشەوە کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، سەیوان حوسێن پوور وێنەگر، کاریکاتۆریست و مامۆستای هونەر لە قوتابخانەکانی مەهاباد، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

ئەم کەمپەینە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم سەرەڕای پشکنینی تێکڕای ماڵەکەی، کەلوپەلی تاکەکەسی، دەستنووس، کامپیۆتێر و بەشێک لە ئاسەوارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەدەشیان زەوت کردووە.

سەیوان حوسێن پوور هونەرمەندێکی هەڵکەوتووی کوردە کە هەتا ئێستا دەیان پیشانگای وێنە و کاریکاتۆری لە ئاستی ئێران و جیهاندا بەڕێوە بردووە.