کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران

23:53 - 14 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردن و گوشار بۆسەر هاووڵاتییانی کورددا، سێ هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، \'\'عەبدوڵڵا فەتحی\'\' هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارستانی سەقز، رۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە گوندێک بەناوی شیوەتوو سەربە بەخشی \'\'میردە دێ\'\'، بەبێ هیچ هۆکارێکی روون لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

لەو پێوەندییەدا هەمان سەرچاوە بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهابادیان بە ناوەکانی \'\'ئارام محەممەد خان\'\' تەمەن ٢٤ ساڵ و \'\'سەید عەلی مستەفا پوور\'\' تەمەن ٢٥ ساڵ لە بازاری کۆنەفرۆشەکانی مەهاباد دەسبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار رایانگواستوون.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.