کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ گوردان هێزی چەکداری سوپای پاسداران رەوانەی عێراق کراون

23:45 - 24 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کارو باری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ‌، ژمارەیەک لە چەکدارانی سوپای قودسی رەوانەی وڵاتی عێراق کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سوپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، سێ گوردان لە هێزە چەکدارەکانی خۆی بەرەو وڵاتی عێڕاق بەڕێ کرد.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، هیزەکانی سوپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی، بۆ پاراستنی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە، کە لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکهاتووە، بەڕێ کراون.

هێزەکانی سوپای پاسدارانی رێژیم لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سووریەدا بۆ پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە بەرەکانی شەڕ دژی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی سووریەدا بەشدار بوون وهەتا ئێستا چەندین فەرماندەی پایە بەرز لە شەڕ و تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا کوژراون.

حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری رێژیمی ئێران لە پێوەندییەکدا لەگەڵ نووری مالیکی وێرای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداری لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ناوخۆی وڵاتی عێراق‌دا، ئەو کارەی بە پێویستییەکی مەرجەعیەتی شیعە لە قەڵەم دابوو.

لەلایەکی دیکەوەو لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە نیزامییەکانی رژیمی ئسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەکانی وڵاتی پاکستانیان خومپاراە باران کردووە و لە درێژەی دەستێوەردانی نیزمیی ئەو رژیمەشدا، رۆژی هەینی سێ گوردان هێزی چەکداری سوپای پاسداران رەوانەی عێراق کراون.