کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمناری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئێران لە ئاڵمان دەستی بە کارەکانی کرد + تەکمیلی ١

23:01 - 6 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: سێمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لەژێر ناوی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئێران لە شاری فڕانکفۆرتی ئاڵمان دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمرڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، سێمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لەژێر ناوی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئێران لە ئاڵمان دەستی بە کارەکانی کرد.

لە پانێلی یەکەمی ئەو سێمینارەدا، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهریا ئاهی، یاسین ئەهوازی، ناسر بەلیدەیی لە بارەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، ئێران و ڕۆڵی نەتەوەکانی ژێر ستەمی ڕێژیمی ئێران لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا گفتوگۆ دەکەن.

لەو سێمینارەدا، نوینەری حیزب و لایەن سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات بەشدارن.

لە پانێلی یەکەمی ئەو سێمنارەدا شەهریار ئاهی، ئەندامی یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران و کەسایەتی سیاسیی ئێرانی لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا شەری جناح هەیە و ئەوەش شەڕێکی ڕاستییە و لە واقعدا شەڕی زێڕینگەرانە نیە و ناوبراو لەو بارەیەوە هێمای بە جێگیربوونی فڕۆکەکانی ڕووسیه لە هەمەدان کرد کە وەزیری بەرگریی دەوڵەتی ڕوحانی ڕایگەیاند کە ئەو پرسە پێوەندی بە مەجلیسەوە نیه.

ئاهی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرد.

لە بەشی دووهەمی پانێلی یەکەمدا مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قسەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەتەوە بندەستەکان دەبێت، لە غەیری ئەوەەدا تووشی توندوتیژی و تەجزیە‌تەڵەبی دەبین و ئەوەش هەزینەبەر دەبێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کە ئەگەر ئێمە چاوەڕوان بین ئاڵوگۆڕێک لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ڕوو بدات و مافی نەتەوەکانی ئێران دابین بکرێت، تەجرووبە دەریخستووە کە کارێکی بەخۆڕاییە چونکە ئەسڵی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەو مەسەلەیە دژایەتی هەیه.

هیجری هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر هێزدا بە چۆک دادێت و بۆیه ئێمە دەبێ هێزی کاریگەر بین. لەو پێوەندییەدا ناوبراو بۆ نموونە باسی لە شەڕی نێوان ڕێژیمی ئێران و عێراقدا کرد کە ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەوەیکە ڕوو لە لاوزبوون دەڕۆیشت بڕیارنامەی ئاگربەسی قەبووڵ کرد و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە پیاڵەی ژەهریان خواردەوە و ڕێککەوتنی بەرجامیش نمووونەی دیکەیە کە ڕێژیمی پیشانی دا لە بەرانبەر هێزدا بە چۆک دادێت.

مستەفا هیجری لە قسەکانیدا گوتی بەپێی لێکدانەوەکان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی دوو ساڵ پێش بەو ئاکامە گەیشت کە لەو باریەوە هەنگاو هەڵێنێتەوە و هێزێكی کاریگەر دروست بێت نە تەنیا بۆ حیزبی دێموکرات بەڵکوو بۆ هەموو نەتەوەی کورد و ئازادیخوازەکان.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات پێشمەرگەکانی بۆ کوردستان ناردووەتەوە و لە تەنیشت پێشمەرگەکانیش خەڵک چالاکی دەکەن.

مستەفا هیجری لە قسەکانیدا باسی لە یەکگرتوویی نێوان حیزبە کوردییەکان کرد و گوتی کە ئێمە دەمانهەوێ کوردستان ببێتە هێزێکی پشتیوان و خەباتی خەڵکیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرینتر بێت.

بەشی سێهەمی ئەو پانێلە بۆ یاسین ئەهوازی لە حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەهواز تەرخان کرابوو و نابراو لە قسەکانیدا گوتی کە ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرتاسەی نیه و ئێمە نەتەوەکانی ئێران کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵمان پێک هێنا کە ستراتیژی دیاریکراوی هەیە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێرانی لە دەوری یەکتر کۆ کردووەتەوە.

ئەهوازی باسی لەوەش کرد سەرکوتی نەتەوەکان لە ئێراندا دوو قات بووە و بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری ئەو سەرکوتانە ئەگەرچی قەبووڵ ناکات بەڵام ناتوانێت مافیش بدات.

لە بەشی چوارەم و بەشی کۆتایی پانێلی یەکەمی ئەو سێمینارەدا ناسر بەلیدەیی لە حیزبی بەلووچستان قسەی کرد و ناوبراو گوتی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەک هەڵکەوتووە کە بەردەوام گۆڕەپانی شەڕه و ئەو شەڕەش بە سیاسەتی زلهێزەکان زیاتر پەرە دەستێنێت.

بەلیدەیی باسی لەوە کرد کە هەندێک لە لایەنەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران باڵکانیزه، واتا دابەش دەکرێت و لەبارەیەوە گوتی کە ئەمڕۆ هەموو وڵاتەکانی وەک باڵکان و وڵاتانی سەربەخۆش پەیوەست بە یەکیەتیی ئورووپا بوونە و وڵاتانێکی دێموکراتن.

نابراو لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە سەر قسەکانی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردەوە چونکه هێزێکی تایبەتی سەرکوتکەر لە ئێراندا هەیە دەبێ هێزێکی بەهێزیش لە نێو ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت نەتەوەکان دروست بێت و لە سەر یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان جەختی کردەووە.