کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بە بۆنەی ٨ی مارس لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەهەولێر بەڕێوەچوو

15:12 - 19 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن سێمینارێکیان لە ژێر ناوی پێگەی ژنی کورد لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان پێک هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، سێمینارێکی لەژێر ناوی پێگەی ژن کورد لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکرات بۆ میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناهید حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.
سەرەتای سێمینارەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ‏کرد.

پاشان وتە بەنرخەکانی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، کاتێک کە ژنانی دێموکرات لە ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، یەکەمین ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٨ی مارس لە قەندیلیان بەڕێوە برد، لە ڕێگەی داتاشۆوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا،دکتور میرۆ عەلیار و ناهید حوسێنی وتەکانی خۆیان سەبارەت بەم ڕۆژە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ناهید حوسێنی لە وتەکانیدا باسی لە شەپۆلەکانی بزووتنەوەی ژن لە جیهاندا بە گشتی و بزووتنەوەی ژنی کورد بە تایبەتی کرد.

هەروەها هاوتابوونی بزووتنەوەی ژنی کورد لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و خەبات بۆ لەناوبردنی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، ئیتنیکی و مرۆڤی پوختەی باسەکەی دکتور میرۆ عەلیاری لەخۆ گرتبوو.

لە بەشی سێهەمدا، سینەم بەدرخان، کچی ڕەوشەن بەدرخان، لەم ڕۆژەدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و چالاکییەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەوحێکی پێشکەش بە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

پاشان پەیامی ڕێکخستنی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە لە لایەن ئەمینە ڕەش وەلیک پێشکەش کرا.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵانە بە شێوازی جۆراوجۆر ٨ی مارس بەرز ڕادەگرێت و دەنگی ئازادیخوازیی و یەکسانی بۆ ژنی کورد هەڵدەبرێت.

14007.jpg

14009.jpg

14008.jpg