کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بەنیسبەت بە تاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو

11:42 - 20 رێبەندان 2719

ڕۆژانی هەینی و شەممە، ڕێکەوتی ١٨ و ١٩ ڕێبەندان، بەشی ئامووزشی ـ سیاسیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە چیاکانی کوردستان سێمینارێکی لەژێر ناونیشانی "شۆڕش و شۆڕشگێڕی" (انقلاب و انقلابگری) بەڕێوە برد.

ئەو سێمینارە لە بەرەبەری بەتاڵانبرانی ٤١ ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ئازادی بەڕێوە چوو.

ئەم کۆڕە سیاسییەی پێشمەرگە لە بنکەکانی هێزەکانی جێگیر لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەڕێوەبەرانی ئەو سێمینارە پێکهاتبوون لە "ڕێباز پەروازە"، کادری ئامووزشیی هێزی ١١٥، "ناسر فەتحی" کادری ئامووزشیی هێزی ١٢٢ و "فاروق سۆهرابی"، پێشمەرگەی هێزی ١٢٢.

لە تەوەری یەکەمی سێمینارەکەدا، باس لە "چەمک و چەشنەکانی شۆڕش" کرا کە "ڕێباز پەروازە" ئەو بابەتەی شی کردەوە.

ناوبراو بە شێوەیەکی گشتی باسی لە تێرمۆنۆلۆژیی وشەی ئینقلاب کرد. لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە شۆڕش و زەمینەی ڕووداوەکان کرد و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە حەوزە سیاسی، ئابووری، کولتوور، هزری، زانستی، پەیوەندی، زانیاری، داهێنان و تەکنەلۆژیادا دێنە ئاراوە و بیر و بۆچوونە گشتگیرەکانی شرۆڤە کرد.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا باسی لەوە کرد کە شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی نێو شۆڕش ئەو گۆڕانە جۆرایەتییانەیە کە لە ناکاو و کتوپڕ ڕوودەدەن. هەروەها جۆرەکانی شۆڕشی لە ڕوانگەی بیر و بۆچوونە توندئاژۆکاناوە شرۆڤە کرد و نموونەی ئەو شۆڕشانەی هێناوە کە هەندێکیان توندوتیژیی ئامێزبوون و لە بەرامبەردا نموونەی ئەو شۆڕشانەی هێناوە کە توندوتیژییان بەخۆوە نەبینیبوو.

ناوبراو لە کۆتایی تەوەرەکەیدا ناڕەزایەتیی قوڵی لە بارودۆخی هەنووکەیی، بوونی ئاڵترناتیڤ، بوونی ڕێباز و ئازادیی مرۆڤەکانی وەکوو هۆکارە کاریگەرەکانی سەر شۆڕش باس کرد.

تەوەری دووهەمی سێمینارەکە باس لە شۆڕش لە مێژووی ئێراندا بوو کە لەلایەن "فاروق سۆهرابی" بە تێروتەسەلی باس کرا و چەمکی شۆڕش و تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی لە ئێراندا خستە بەر باس.

سۆهرابی لە دەستپێکی باسەکەیدا باسی لەوە کرد کە کولتووری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئێراندا بە تەواوی جیاواز بووە بە بەراورد بە شۆڕشەکانی دیکە و ئاڵوگۆڕی دەستەڵات لە ئێراندا، بێ ئەخلاقییەکی سیاسیی پێوە دیار بووە و پڕ بووە لە خیانەت و هیچکات تیۆری یان هزرێکی دیاریکراو نەبووە یان ئاڵتەرناتیڤێکی دیاریکراو نەبووە.

 هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دەستاودەستکردنی هێز لە بری ئاشتیخوازی لە توندوتیژی کەڵک وەرگیراوە و ئەو هێزەش نەخراوەتە خزمەتی خەڵکەوە.

لە درێژەی باسەکەیاندا باسیان لە شۆڕشی مەشرووتەی ساڵی ١٩٠٧ی ئێران کرد و پێناسەیان کرد، هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە ئاخۆ ئەم شۆڕشە لە بنەڕەتدا شۆڕش بووە؟ کێ بوون لایەنگران و دژەبەرانی ئەم شۆڕشە؟

هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە لە شۆڕشی مەشرووتەدا بۆ یەکەمجار دەرگای بەڕووی سیستەمێکی مۆدێڕندا کرایەوە، فاکتەرە مەزهەبی- ئایینییەکانی لە مێژووی شۆڕشەکانی ئێراندا هێنا ئاراوە و باسیان لەوە کرد کە ئایین و دەسەڵات هەموو کات پشتیوانی یەکتری بوون بۆ مانەوەی هێز و دەستەڵاتی خۆیان.

دواتر هاتنە سەر باس لەو شۆڕشەی کە شا بە شۆڕشی سپیی ناودێر کرد لە ساڵی ١٣٤١دا کە لە بنەڕەتدا شۆڕش نەبوو، بەڵکوو گۆڕانکاری بوو، بۆ نموونە چاکسازی لە دابەشکاری زەوی و زاردا (اصلاحات ارضی) بووە.

دواتر هاتنەسەر باسی شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلیان دەرهەق بە شۆڕشەکە و هەموو گۆڕانکارییەکان و هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی شۆڕشەکە و ئەو دەرئەنجامانەی کە لە شۆڕشەکە کەوتنەوە باس کرد.

هەروەها خوێندنەوەی خۆی لەسەر ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کرد و لەو چوارچێوەیەشدا جەختی لەسەر خواست و داخوازییەکانی گەلی کورد لەو گۆڕانکارییە مێژووییەدا کردەوە، هەروەها ڕۆڵی کارای شەهید دوکتور قاسملووی بە بیری بەشداربووان هێنایەوە.

لە تەوەری سێیەم و کۆتایی سێمینارەکەدا، "ناسر فەتحی"، بە پێشکەشکردنی باسێکی کۆمەڵناسانە بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە سێ بەشدا سمینارەکەی دەوڵەمەند کرد.

لە پاژی یەکەمی باسەکەیدا باسی لە پێوەندیی نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و دەوڵەتی شۆڕشگێڕی (انقلابی) کرد.

لە پاژی دواتردا داخوازیی نەتەوەکانی ئێرانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ خستە بەر باس.

 بەشی کۆتایی باسەکەشی تەرخان کرد بۆ باسکردن لە پێوەندی نێوان سەرهەڵدانەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران و نیزامی نێودەوڵەتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ناوەڕۆکی ئەو سەرهەڵدانانە هەیە.

دوابەدوای پێشکەشکردنی سێمینارەکە لەلایەن بەشداربووانەوە، پرسیار و بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش کرد و لەلایەن کۆڕگرانەوە وڵام درایەوە.