کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ‌هاووڵاتیی كوردی دەستبەسەركراوی شارەكانی پیرانشار و نەغەدە چارەنووسیان نادیارە

17:24 - 13 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: سێ لاوی شارەكانی پیرانشار و نەغەدە ماوەی١٠ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراون و لەو كاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، مەولوود بەرشان كوڕی عەبدوڵڵا و خەڵكی ئاوایی نەمنجی پیرانشار، هەژار عەلیزادە كوڕی حاسڵ و خەڵكی شاری پیرانشار و سەعید پوورهونری، خەڵكی شاری نەغەدە ئەو سێ‌لاوە كوردەن كە ماوەی دە رۆژە دەستبەسەر كراون.
ئەو هاووڵاتیانە بەهۆیەكی نادیار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراون و لەشوێنی راگیرانیشان زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.
ئەو دوو لاوەی كە خەڵكی شاری پیرانشارن، برا و برازای شەهید رەحیم بەرشان و محەممەد درخشانی شەهیدانی حیزبی دێمۆكراتن.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەسەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا ٣٥ هاووڵاتیی كورد لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.