کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێڵاو گیانی ٣ هاووڵاتیی کوردی لە پارێزگای خوراسانی باکوور ئەستاند

16:28 - 4 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: شەوی رابردوو بەهۆی بارینی توندی باران و لە ئەنجامدا هاتنی سێڵاو، ٣ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی خوراسانی باکوور گیانیان لەدەست دا.


سەرلە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هاتنی تەرزە و باران و لە ئەنجامیشدا هاتنی سێڵاو لە بەخشی مەرکەزیی شارستانی \'\'مانە و سمڵقان\'\' سەرەڕای بەرکەوتنی زیانێکی زۆر لە مەزرا و زەوییە وەرزێڕییەکان و هەروەها رێگاوبانەکان، گیانی ٣ هاووڵاتیی کوردی لەو پارێزگا کوردنشینەدا ئەستاند.
هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' بڵاوی کردەوە، ماشینێکی جۆری پراید بە ٣ سەرنشینەوە لەو سێڵاوەدا گرفتار بوون و لە ئاکامدا هەر سێکیان گیانیان لەدەست دا.
زیاترین رێژەی خەساری ماڵیی ئەو سێڵاوە، لە گوندی \'\'کالیمانی\'\'ی سەربە شارستانی \'\'مانە و سمڵقان\'\' بووە و لەو گوندەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییانی بەهۆی ئەو سێڵاوەوە تێدا چوون.
سەرەڕای ئەمانە بەشێکی زۆر لە رێگاوبانی گوندەکانی دوو شارستانی \'\'راز و جرگلان\'\' و \'\'مانە و سمڵقان\'\' بەهۆی سێڵاوی شەوی رابردوو، تووشی زیان بوون.
بەشی مەرکەزیی شارستانی \'\'مانە و سمڵقان\'\' بە رووبەری ٢ هەزار و ٢٨٠ میتری دووجا، ٣١ گوندی لەخۆ گرتووە و ٨ هەزار و ٣٩٤ بنەماڵە بە حەشیمەتی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس، تێیدا نیشتەجێن.