کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەبەتی خۆراک فریای نەبزی ئابووری ناکەوێ!

23:20 - 11 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

ئەمڕۆ یەکی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانە؛ ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە کاتێکدا ئاوڕ لەم ڕۆژە و زەحمەت و کوێرەوەرییەکانی ئەم چینە لە ئێران و لەو نێوانەشدا لە کوردستان دەدینەوە کە نەتەنیا ماف و داخوازە بەرحەق و ڕەواکانیان نەهاتووەتە دی بەڵکوو بارودۆخی ژیانیان تا دێت ئەستەمتر و ئاڵۆزتر دەبێت.

زۆر جاران بیستوومانە کە دەڵێن چینی کریکار نەبزی ئابووریی وڵاتن و ئەگەر ئەم چینە پشتیوانییان لێ نەکرێت یان لە پەراوێز بخرێن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گشتییەتی ئابووریی ئەو وڵاتە دادەنرێت؛ بەو واتایە کە بە نەبوونی پشتیوانی ماددی و مەعنەوی کرێکاران دەخرێنە پەراوێز و لاواز دەبن و بە لاوازبوونیان، ئابووریش لاواز دەبێت.

ئەم دۆخە هەنووکە لە ئێراندا بە تەواوی مانا، خۆی نواندووە و لە ئێستەدا کە گرانی و هەڵاوسان وەک دوو دێوەزمە باڵیان بەسەر هەموو جمگەکانی ژیان لە ئێراندا کێشاوە، چینی کرێکار وەک لاوازترین چینی کۆمەڵگا بەردەوام لە شەڕی مانەوە و ژیاندان.

ئەم ڕۆژانە لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی یەکێک لەو چین و توێژانەی کە ئەستەمترین ژیان تێدەپەڕێنن کرێکارانن کە تەواوی گرفتەکانی وەک نەبوونی بیمە، نەبوونی خانوو و شوێنی حەوانەوە، بێکاری، نەبوونی مووچەی دیاریکراو، نەبوونی پشتیوانی و پاڵپشتی، کەمبوونەوەی توانای کڕین و دەیان ژانی دیکە پێکەوە ئەزموون دەکەن.

لە مانگی ڕەشەمەی ڕابردوودا وەزیری کاری ڕێژیم باسی لە بەرزکردنەوەی ٥٧٪ی مووچەی کرێکاران لە ساڵی نوێدا کرد و ئەمەی وەک دەسکەوتێکی گرینگ بۆ خەڵکانی ئێران و لەو نێوانەشدا بۆ کەرتی ئابووریی ئێران ناو برد؛ دەسکەوتێک کە وەک چالاکانی بواری کرێکاری دەڵێن نەتەنیا نابێتە هۆی باشتربوونی دۆخی ژیان بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی لەمەڕ هەڵاوسانی زیاتر و ئەستەمتربوونەوەی ژیان. لەمەش زیاتر چالاکانی کرێکاری دەڵێن باری ژیان و گوزەرانی کرێکاران لە ئێراندا بە جۆرێکە کە ئەگەر تەنانەت مووچەکەیان ١٠٠٪یش زیاد بکرێت دیسانەوە ناتوانن کەلێنی مەعیشەتییان پڕ بکەنەوە.

ئاماری بێکاری لە ئێران لەڕادەبەدەر لەسەرێیە و ئەمەش وای کردووە کە دۆخی ژیان بگاتە ئاستی داماویی ڕەها؛ نرخی بێکاری بەپێی سەرچاوە فەرمی و حکومەتییەکان ٤٩٪ە کە ئەمە ئابووریناسانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە دۆخی ئێستەی ئابووریی ئێران دۆخێکی قەیراناوییە کە تاکوو ئێستە لە مێژووی ئێراندا کەمتر بینراوە.

لەم نێوانەدا نابێ ئەو ڕاستی و کەتوارەش لە بیر بکەین کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک لە هەوڵی ئەوەدایە کە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی بکاتە کۆمەڵگایەکی ملکەچ و چاو لەدەست هەربۆیە هیچ هەوڵێکی جیددیش بۆ چاکسازی لە کەرتی ئابوری نادات؛ یەکێک لەو هەوڵانەی کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە داویەتی و ئیستەش وەک دیاردەیەکی ئاسایی لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچێ دیاردەی سەبەتەی خۆراکە.

ڕێژیم بە بەرنامەوە دەیهەوێـت خۆی شەریف و پاڵپشتی هەژاران پیشان بدات و کار لەسەر جۆرێک لە ساڵحبوون دەکات؛ لەم ڕاستایەشدا دەیهەوێ وردەوردە قەناعەت بە خەڵک بهێنێت کە هەژاری و دەوڵەمەندی چارەنوسە و سروشتییە، لەحاڵێکدا کە هەم هەژاری و هەم دەوڵەمەندی دیاردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتین و پەیوەستن بە جۆری حوکمڕانییەوە و لەپشتی هەر دەوڵەمەندبوونێکەوە جا لە ڕێی بازرگانیەوە بێت یان سیاسەت، هەژارێک دروست دەبێـت و دەوڵەمەندێکی هەڵتۆقیو سەردەردێنێت.

هەموو هەوڵی رێژیم ئەوە بووە و هەیە کە خەڵک چاو لەدەست بێت و بۆ نانی شەوی سواڵ بکات و بپاڕێتەوە، بۆیە کاتێک کەسێک لە نێو کۆمەڵگادا داوای مافەکانی دەکات بە توندترین شێوازەکان سەرکوت و دەمکوت دەکرێ؛ کە نموونە بەرچاوەکانی لە گرتنی چالاکانی کرێکاری، چالاکانی فەرهەنگی، چالاکانی سیاسی و باقی مافویستان دەبیندرێ کە هەنوکە زیندانەکانی ڕێژیمیان لێ ئاخنراوە.

ئەوەیکە ڕوونە لە ئێستەدا خەڵک پێویستی بەوەیە بگاتە ئاستێک لە هۆشیاری لەسەر داواکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی، هەموو دەبێ یەکتر فێری ماسیگرتن بکەن تا هەمیشە سفرەکەیان ئاوەدان بێت؛ خوێندکاری زانکۆ دەبێت نیگەران بێت، لەسەر جۆری حوکمڕانی و چۆنیەتی داهات و شەفافیەتی ئابووری و ڕۆشنگەری بۆ خەڵکانی تر بکات، مامۆستایانی قوتابخانە وەک چۆن ئێستە لەسەر شەقامن دەبێ ئەو ئەرکەیان بە تەکوزییەکی زیاترەوە بەڕێوە ببەن تا قوتابییەکانیان وەئاگا بێنەوە، بازاڕییان دەبێ بزانن کە بە نەبوونی کار و زۆربوونی بێکاری کڕیارێکیان بۆ نامێنێتەوە، ژنان دەبێ بزانن کە ئەگەر نەڕژێنە سەر شەقام و دژ بە ملهۆڕییەکان دروشم نەدەن و خەبات نەکەن ڕۆڵەکانیان لە گەنکاوی بێکاریدا نوقم دەبن و لەبەرچاویاندا دەتوێنەوە؛ بەگشتی کۆی تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت لەسەر ئەو ڕاستییە ڕابهێنرێن کە لە پشتی بەتاڵبوونی هەر سفرەیەکەوە پڕبوونی سفرەیەکی تر هەیە و ئەمە بە نادادپەروەری بزانن و خۆیان بەو قسە بێمایە نەبەستنەوە کە خودا مرۆڤەکانی بە هەژاری دروست کردووە و ئەمە قەدەرە!

دەبێ هەمووان پێمل بەو ڕاستییە بن کە ئەوە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە وایکردووە سفرەیەک بەتاڵ بێت و سفرەیەکیش پڕ، مرۆڤێک بەدوای ناندا بێ و کەسێکی تریش لەبەر بەرینبوونی خوان خەریکی دڵچەڕێنی بێ کە ڕوونە پێکهێنەری ئەم ژینگەیەش کۆماری ئیسلامییە بە هەموو پێکهاتەکەیەوە و تا ئەم سیستمە لە ئێراندا زاڵ بێ نە ١ی مەی مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە و نە پێگە و کەرامەتی باقی مرۆڤەکان.