کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربازێك لەناوچەی نەوسوود بووە قوربانیی مینە چێنراوەكانی رێژیمی ئێران

15:34 - 13 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لەدەورووبەری شاری نەوسوود سەربازێك بەهۆی كەوتنە سەر مین بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی لە دەورووبەری شاری نەوسوود و لەنزیك گوندی شۆشمێ لە شوێنێك بە ناوی (چادرگا) بە هۆی تەقینەوەی مین سەربازێكی هەنگی مەرزی سەر بە پاسگای (شۆشمێ) بریندار بوو.

ئەو سەربازە ناوی عادل هاشمی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵكی شاری هەمەدانە و هەنووكە بە هۆی سەختی برینەكەی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری كرماشان كراوە.
دوای تەواو بوونی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان عێراق و رێژیمی ئێراندا هێشتا دوژمنێكی شاراوە بەناوی مین مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەكانی ورمێ‌، ئیلام، كرماشان و كوردستان.
ئەو چوار پارێزگایە زیاترین رووداوی مین تێیاندا روو دەدات و زۆربەی قوربانییانی مین لە گوندەكان بوون كە بەدوای بژێوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی رێژیمی ئێران ــ عێراقن.
بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.