کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئەمریکا: ئێران هەتا یەک ساڵی دیکە دەستی بە چەکی ناوکی رادەگات

14:01 - 14 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسراییل، سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەن و هەرکامەشیان رای جیاوازیان لەسەر کاتی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی هەیە.
باراک ئۆباما سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتوویەتی: بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێژیمی ئێران هەتا ساڵێکی دیکە دەستی بە چەکی ناوکی رادەگات.
هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێد پرێس لە زاری ئۆباماوە بڵاوی کردووەتەوە، هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پێشکەوتنی بەرنامەی ناوکیی ئێران موحافزەکارانەترە لە هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسراییل.
سەرکۆماری ئەمریکا هەروەها وتوویەتی: ئێمە زانیارییەکانی خۆمان سەربارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئیسراییل ئاڵوگۆڕ دەکەین و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل بەشێوەیەکی مەنتقی گومانی لە بەرنامەی ناوکیی ئێران هەیە و بە لەبەر چاوگرتنی هەڕەشە بەردەوامەکانیان لەدژی ئیسراییل و هاریکاریی رێکخراوەگەلێکی وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس کە ئیسراییل دەکەنە ئامانجی مووشەکەکانی خۆیان، ئەگەر منیش لە جیاتیی سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل بوایەتم، بەو چەشنە هەڵوێستم دەگرت.
پێشتر بنیامین نەتانیاهۆ لە قسەکانی خۆیدا لە کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵەکانی حەسەن رووحانی سەرکۆماری ئێرانی لەمەڕ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی، بە فریودەرانە لە قەڵەم دابوو.
ناوبراو لەو بڕوایە دایە کە رێژیمی ئێران لەدووی کوشتی کات دایە و لەم پرۆسەیەدا رووحانی خزمەتکارێکی بە وەفای رێژیمی ئێرانە.
ئۆمابا هەروەها وێڕای هێمادان بە ئاڵۆزیی سیستەمی سیاسیی رێژیمی ئێران، وتی: حەسەن رووحانی تەنیا بڕیاردەر نییە و ئەوە کەسێکی دیکەیە لەو پرۆسەیەدا بڕیاری کۆتایی بە دەستە.