کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعد حەریری: لوبنان هەرگیز نابێتە ویلایەتێکی ئێران

14:24 - 26 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: سەعد حەریری، سەرۆکی ڕەوتی ئەلموستەقبەل لە لوبنان ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک نابێتە ویلایەتێکی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، حەریری، سەرۆکی ڕەوتی ئەلموستەقبەل و سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری لە شاری بەیروت، پایتەختی وڵاتی لوبنان ڕایگەیاند، کە سەردەمی داگیرکاری، سووریە کەسیکی وای بۆ سەرکردایەتیی لوبنان دروست نەکرد، سەردەمی بەهێزیی ئێرانیش لە لوبنان، هەرگیز ناتوانێ سەرکردەیەک لە لوبنان دروست بکات.

سەعد حەریری، لەو ڕێوڕەسمەدا هەروەها ڕایگەیاند، هەرگیز لوبنان نابێتە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی ئێران.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕێگا بە هیچ کەس و لایەنێک نادات، لوبنان بباتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی دژایەتیی سعوودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکەن.

سەعد حەریری لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیـەوە لەو کاتەی هاوپەیمانیی ٨ی ڕەشەممە، حکوومەتەکەیان ڕووخاند، وڵاتی بەجێهێشتووە.

ڕەفیق حەریری، باوکی سەعد حەریری یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی لوبنان بوو ، لەو کاتەی سەرۆک وەزیران بوو، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٨٢ی هەتاوی، بەهۆی تەقینەوەیەک، تیرۆرکرا.

ڕەوتی ئەلموستەقبەل نوێنەرایەتیی پێکهاتەی سووننە لە لوبنان دەکات و پێیوەندییەکی باشی لەگەڵ سعوودیە هەیە.

ئەلموستەقبەل لە ڕکابەرییەکی بەردەوام لەگەڵ حیزبوڵڵا دایە ، کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعە دەکات و چاودێران پێیان وایە، پلانی کارکردن لە ڕێژیمی ئێران وەردەگرێت.