کوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارکدا، لە سێمینارێكی پارتی سۆسیالیستی كوردستاندا بەشداریی کرد.
ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، شاندێكی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "سەعید سوڵتانپوور"، بەرپرسی گشتیی كۆمیتە و "حاتەم جەھانگیری"، بەرپرسی كۆمیتەی "شێلەند"، بەشدارییان لە سێمیناری "عەسكەرێ بوییکـ"ـدا کرد.
لەو سێمینارەدا، "عەسكەرێ بوییک" لەسەر مێژوونووس و ئەدیب و زانای ناوداری كورد، پڕۆفیسۆر "قەناتێ كوردۆ"، چەند باسێكی پێشكەش كرد.
"قەناتێ کوردۆ" (کوردۆیڤ)، نووسەر و زمانناسی چالاکی کورد، ساڵی ١٩٠٩ی زایینی لە گوندێکی باکووری کوردستاندا لەدایک بووە. ئەو سەردەمە گوندەکەی زێدی "قەناتێ کوردۆ" لەژێر دەسەڵاتی ڕووسدا بووە و لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیھانیدا بە یەکجاری وێران کرا و ئێستا گوندەکەی کوردۆ لەسەر نەخشەدا نەماوە.
باپیری قەناتێ کوردۆ یەکێک بووە لە پیاوە ھەرە ناودارەکانی ئێزدی و لەتاو زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە بەرەو خۆرھەڵات کۆچی کردووە و دواتر لە تەفلیس، پێتەختی گورجستان گیرساوەتەوە.
ساڵی ١٩٢٨، قەناتێ کوردۆ لە تاقە خوێندنگەی کوردی ئەو شارەدا بووە بە خوێندکار و پاشان لە زانکۆی لینینگراد، بەشی زمانە ئێرانییەکانی تەواو کردووە.
لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیھانیدا بڕوانامەی دوکتورای وەرگرتووە و لە ھەمان زانکۆدا تا کۆتایی ساڵی ١٩٥٩ مامۆستا بووە.
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، قەناتێ کوردۆ بوو بە سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە پەیمانگەی گەلانی ئاسیا، کە سەر بە ئەکادیمیای زانستی یەکێتیی سۆڤیەت بووە. قەناتێ کوردۆ وەک خۆرھەڵاتناسێک گەلێک کتێب و فەرھەنگی زمان و بەرھەمی ئەدەبیی نووسیوە و خزمەتێکی زۆری بە زمان، ئەدەب، کولتوور، فۆلکلۆر و مێژووی کورد کردووە.
قەناتی کوردۆ ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٥ کۆچی دوایی کرد.
بەرھەمەکانی قەناتی کوردۆ:
کتێبی ڕێزمانی کوردی؛ شێوەی کرمانجی؛ لە ئیروان چاپ کراوە.
ڕێزمانی کوردی، مۆرفۆلۆژی و فۆنەتیک.
قەڵای گەل؛ چیرۆک.
مێژووی ئەدەبی کوردی؛ بەشی یەکەم؛ چاپی سوئێد.
مێژووی ئەدەبی کوردی؛ بەشی دووەم؛ چاپی سوئێد.
مەم و زین؛ چاپی سوئێد؛ ١٩٩٦.