کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای تەئمینی شاری پاوە بڕیاری رووخاندنی گەوڕی بارهەڵگری کۆڵبەرانی ناوچەی نەوسوودی دەرکرد

00:12 - 2 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: شۆرای تەئمینی شاری پاوە بە هاوکاریی دادستانیی ئەو شارە، بڕیاری رووخاندنی تێکڕای گەوڕی بارهەڵگری کۆڵبەرانی سنووری نەوسوود و شۆشمێی دەرکرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە بڕیاری شۆرای تەئمینی شارستانی پاوە و دادستانی شاری پاوە، هێندێ لە گەوڕی هێستر و ئاژەڵە بارهەڵگرەکانی خەڵکی ناوچەی نەوسوود کەلە دەرەوەی شار و لەسەر جاددەی نەوسوود ــ شۆشمێ هەڵکەوتوون، تێک دەدرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو بڕیارە بە بیانووی دۆخی ژینگەیی و تەندروستی ناوچەکەوە دراوە لە حاڵێکدا چەندین نەفەر لە خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو بڕیارە لەلایەن دەزگا نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە بەسەر ناوچەکەدا سەپاوە و بۆ پێشگرتن و کۆکردنەوەی ئاژەڵی بارهەڵگر بە مەبەستی نەهێشتنی کۆڵبەری لەسەر سنوورە دەرکراوە.

هەر لەو پێوەندیەدا چەند ساڵ پێش ئێستاش بڕیارێکی ئەوتۆ درا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکە نەکەوتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

زۆربەی خەڵکی شاری نەوسوود و گوندەکانی دەوروبەری بژیوی ژیانیان لە رێگای کۆڵبەرییەوە لەسەر سنوور دەردێنن و بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکەش بە هۆی کوێستانی بوونی ناوچەکە و گیرانی رێگە نزیکەکانی سنوور لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناچارن بارەکانیان لە رێگەیەکی دوورتر و لە شوێنێکی کوێستانیتر بێنن کە بۆ ئەم مەبەستە لە هێستر و ئاژەڵی بارهەڵگر کەڵک وەر دەگرن.

لە ساڵانی رابردوو چەندین حاڵەتی کۆشتنی ئاژەڵە بارهەڵگرەکانی کاسبکاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە رووی داوە.

یەکێک لە کۆڵبەرانی ناوچەکە بە هەواڵنێری \'\'کوردستانی میدیا\'\'ی راگەیاند: یەکێک لە بیانووەکانی رێژیم بۆ تێکدانی گەوڕ و کەوێڵەکانی ئەو ئاژەڵانە، هەبوونی بازارچەی سنووری شۆشمێیە و دەڵێن ئەوە ئێمە بازارچەی فەرمیی کۆلبەریمان کردووەتەوە و ئێوەش لە جیاتیی قاچاغ دەتوانن لەو بازارچە کاسبی بکەن، لە حاڵێکدا کە لەو بازارچە کۆڵبەریە بۆ هەر کارتێک بڕی ٣٠ هەتا ٥٠ هەزار تمەن دەمێنێتەوە و لە مانگدا تەنیا دو جار دەتوانن ئەو کارە بکەن، جگە لەمانەش بە هۆی گەندەڵی و دزییەکی زۆری کەسانی دەستڕۆیشتووی سەربە رێژیم مەجالی کاسبی و هێنانی بار بۆ خۆت نەماوە و تەنیا دەبێ هێندێ شتومەکی بازرگانە غیر کوردەکان بهێنیت و دوای هاتنیشیان یەکسەر رەوانەی بازارەکانی ئێران دەکرێن.

ئەو کۆڵبەرە وتیشی: لە هەر کارتێکی کۆڵبەری بڕی ٢٥ هەزار تمەن بۆ هنگ مرزی پاوە و سەرهەنگێکی ئەو هەنگە دەبێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٣٥٠٠ کارت دراوەتە خەڵکی ناوچەکە، لە حاڵێکدا ئەو رێژە بارەی کە لە سنووری بازارچە کولبری شومشمی هاوردەی ئێران دەکرێ بۆ ٨٥٠٠ کارت خەملێندراوە.

هەر لەو پێوەندیەشدا دەوترێت کە هێزەکانی سپای پاسداران ئەو کارتانەیان کردووەتە بیانۆیەک بۆ بە بەسیج کردنی خەڵکی ناوچەکە و زۆر جار لە کاتی هەڵبژاردنەکانیش خەڵکی فەقیر و هەژاریان بەوە ترساندووە کەلە ئەگەری بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان ئەو کارتی کۆلبەریەتان لێ دەستێندرێتەوە.