کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی پێترۆشیمیی بێستوون لە سەروبەندی داخرانی تەواو دایە

22:14 - 2 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆیی نەبوونی سووتەمەنی و ماددەی سەرەتایی بەرهەمهێنان، پێترۆشیمیی بێستوون لە کرماشان لە سەروبەندی داخرانی تەواو دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سووتەمەنی و ماددەی سەرەتایی پێترۆشیمیی بێستوون لەلایەن پاڵاوگەی کرماشان و ئابادانەوە دابین دەکرا، بەڵام هەنووکە بەهۆی دابین نەکردنی ماددەی سەرەتایی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو پاڵاوگانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی پێترۆشیمیی بێستوون گەیشتووەتە سیفر و لە سەروبەندی داخران دایە.
هەنووکە شیرکەتی پێترۆشیمیی بێستوون هیچ چەشنە بەرهەمهێنانێکی نییە و بە داخرانی مەترسیی بێکاربوونی ٥٠٠ کرێکاری ئەو شیرکەتە دەکات.
کرماشان پۆست لەو پێوەندییەدا نووسیویەتی: هەنووکە کە پێترۆشیمیی بێستوون هیچ بەرهەمهێنانێکی نییە، فرۆشی بەرهەمەکانیشی گەیشتووەتە سیفر و توانای فرۆشتنی هیچکام لە بەرهەمەکانی نییە.
پێترۆشیمیی بێستوون ساڵی ١٣٨٣ دامەزراوە و لە بواری بەرهەمهێنانی ئاکلیلی بەنزین خەتی و ئالکیلاتی قورس چالاکی دەکات.
بە داخرانی ئەو شیرکەتە ٥٠٠ بێکار بە ژمارەی بێکارانی پارێزگای کرماشان زیاد دەبێت.
پارێزگای کرماشان لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا چوارەمین پارێزگای بێکاری ئێران بووە و لە زستانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا بە نرخی ٢٠،٧% بێکاری یەکەمین پارێزگای بێکاری ئێران بووە.