کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتێکی کانادایی بە تاوانی هاوکاریی رێژیمی ئێران ٩٠ هەزار دۆلار جەریمە کرا

18:06 - 26 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: شیرکەتێکی کانادایی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی ناردنی ماددەی پلاستیکی کەلە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیدا بەکار دێن، جەریمە کرا.
هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، شیرکەتی \'\'لی سپیشیال\'\' بەهۆی فرۆشتنی ماددەگەلێکی پلاستیکی بە شیرکەتێکی ئێرانیی جێگیر لە دۆبەی بەناوی Kan Dana Middle East LLC لە ساڵی ٢٠١١ی زانیینی، بە هاوکاری لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراوە و سزای جەریمەی نەختیی ٩٠ هەزار دۆلار بۆ بڕاوەتەوە.
دەوترێ پۆلیسی کانادا لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەم دۆسیە دەست پێ کردووە و لە ئەنجامدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە ئەو شیرکەتە کانادایی‌یەی بە فرۆشتنی کاڵای قەدەغەکراو بە رێژیمی ئێران مەحکووم کرد.
لەم پێوەندییەدا پێشتریش دادگای باڵای ئەیالەتی لە فڕانکفۆڕت، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، رایگەیاند: دادستانی گشتیی فیدراڵ، پیاوێکی ئاڵمانی بە رچەڵەک ئێرانی و ئێرانییەکی دیکەی، بە تاوانی راگواستنی مۆتۆری پەهپاد بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران دادگایی کرد.
هەروەها \'\'پۆلیسی ئیسپانیا\'\'ش رایگەیاندووە: لە شارەکانی بارسەلۆنا، تاڕاگۆنا و پاڵما دە ماڵۆرکا، سێ ئیسپانیایی و ئێرانییەک کە ویستوویانە کەرەسەی قەدەغەکراو کەلە دوو بواری پیشەیی و نیزامیدا بەکار دەهێنرێن، بنێرنه ئێران، دەسبەسەر کردووە.