کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەریوان پێویستییان بە نۆژەن کردنەوەیە/ بەرپرسان گوێیان لێ خەواندووە

00:14 - 29 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: نەبوونی کارگێڕی شارەزا و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە شاری مەریوان و بەتایبەت لە شارەوانیی ئەو شارەدا، کێشە و گرفتی جۆراجۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

شاری مەریوان یەکێک لە گرینگترین شارەکانی پارێزگای کوردستانە کەلە ١٢٥ کیلۆمیتریی رۆژئاوای شاری سنە، ناوەندی پاریزگای کوردستان هەڵکەوتووە.

شاری مەریوان وەکوو شارێکی گەشتیاری کە گۆلی زرێباریشی تێدا هەڵکەوتووە، ساڵانە وەرگری ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاری ئێرانی و بیانییە، بەڵام ئەم گەشتیارانە لەگەڵ کۆمەڵێک دیمەن بەرەوڕوو دەبنەوە کە شیاوی شارێکی گەشتیاریی وەکوو مەریوان نییە.

خراپیی و نۆژەن نەکردنەوەی جادە و شەقامەکانی نێو شاری مەریوان و بەتایبەت پیادەڕێیەکان، سیمایەکی ناشیرین و ناشارستانیی بە شاری مەریوان داوە کەلە چاوەڕوانیی گەشتیاران و خەڵکدا نییە و خەڵکی ئەو شارەش لەهەمبەر خراپیی رێگاوبان و جادە و شەقامەکان لە رێگای جۆراوجۆرەوە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هەتا ئیستا لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لە شاری مەریوان بە دەم داوای خەڵکەوە نەچوون.

سەرەڕای ئەمانە، دیمەنی سروشتیی شاری مەریوان چەندین ساڵە لەلایەن کەسانێکی هەلپەرستەوە بە مەبەستگەلێکی دیار و نادیار ئاگر دەدرێت و ساڵانە چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە روو دەدات.

ژینگەپارێزان و بەتایبەت ئەنجومەنی سەوزی چیانی مەریوان، کە ئەنجومەنێکی خەڵکیی خۆڕسکە، ساڵانە بە ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک بەرنامەی تۆکمە و ئوسوولی، هەوڵی پێشگیری لە سووتانی دارستان و لێڕەوارەکانی مەریوان دەدات، بەڵام سەرەڕای سەرکەوتنی بەرچاوی لە راکێشانی خەڵک و ئەندامەکانی لەمەڕ کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکان، لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، پێشگیری و هەڕەشەی لێ دەکرێت.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا رووی داوە کە لە ساڵانی رابردوودا ئەو حاڵەتانە زۆر زیاتر بووە.

کەمتەرخەمیی لێپرسراوان لە پاراستنی ژینگەی شاخەکان و نێو شاری مەریوان، ناڕەزایەتیی چالاکان بواری ژینگەپارێزی و هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە و چالاکانی ئەو بوارە لەو بڕوایە دان، بەرپرسان نەک لەسەر داخوازیی خەڵک، بەڵکوو بەپێی بڕیاری دەسەڵاتە دیار و نادیارەکانی رێژیم دەجووڵینەوە و هەڵسوکەوت دەکەن.