کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوە شیعری سپای پاسدارانی رێژیم بەهۆی تەحریمی ئەدیبان، هەڵوەشایەوە

18:32 - 15 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: پاش بانگەوازی بەربڵاوی کانوونی نووسەرانی بەسیج لەمەڕ بەڕێوەبردنی شەوە شیعرێک، بەهۆی بایکوتی نووسەران و ئەدیبانی پاوەیی، هەڵوەشایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئیدارەی ئیرشاد و سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکدا نووسەران و شاعیرانی پاوە و هەورامانیان لەمەڕ بەڕێوەبردنی شەوە شیعرێک کە لەلایەن کانوونی نووسەرانی بەسیجەوە رێکخرابوو، بانگهێشت کردبوو کە بەهۆی بەشداری نەکردن و بایکوت لەلایەن ئەدیبان و نووسەرانەوە، شەوە شیعرەکە بەڕێوە نەچوو.

کانوونی شاعیران و نووسەرانی بەسیج بە هاوکاریی ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی و سپای پاسداران لە شاری پاوە دامەزراوە.

لە دامەزران و پێکهێنانی ئەو کانوونەدا سەرهەنگ ئیبراهیم سەمش فەرماندەی بەسیجی پاوە و بەرپرسی ئیرشادی ئیسلامی رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە.

بانگەوازی سپای پاسداران و ئیرشادی ئیسلامی لە کاتێک دایە کە ماوەیەک پێش ئیستا ١٠ چالاکی فەرهەنگیی پاوە و دەوروبەری بەهۆی بەشداری لە پێنجەمین فستیڤاڵی فستیڤاڵەی ساڵانەی هەورامان ــ ماچۆ لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێ کرا.

هەندێ کەس دامەزران و چالاکیی کانوونی نووسەرانی بەسیج بە هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵی چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی ناوچەکە لە قەڵەم دەدەن.