کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ

13:55 - 11 بانەمەڕ 2718

خەزان

هەندێک لە خاوەنڕایانی سیاسی پێیان وایە کە شەڕ درێژەی سیاسەتە لە شێوازێکی دیکە دا. کاتێک وتووێژەکان بە بونبەست و کۆتایی بێ سود گەیشتن، بێگومان شەڕ و توندوتیژی سەرهەڵئەدات. ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ یان کۆمەڵگا ئەتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر یان بۆ هەمیشە لە دۆخ و کەش وهەوای شەڕاویدا بژی؟ تێچووی شەڕ بۆ بنەماڵە و کۆمەڵگا تا چ رادە و چ کاتێ ئەتوانرێ قەبووڵ بکرێ؟ 

شڕۆڤەی باری دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، تەندروستی و هتد بابەتگەلێکن کە خوێندنەوەی زانستی لە کاتی شەڕ و دوای شەڕ زۆر داتا ئەدات بە دەستەوە و بەردەوامی ئەو باسە هەم ئێلیتی سیاسی و هەم کۆمەڵگا بەرەو ئاقار و هەڵوێستی باش هان ئەدات۰ لەم وتارەدا بارودۆخی کورستانی ئێران لە ماوەی کۆماری ئیسلامیدا تاوتوێ ئەکرێ. 

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران هەلومەرج بۆ دەسپێکردنی شەڕ هەموار ببوو؛ بۆشایی سیاسی، زۆر بوونی حەشیمەتی کوردستان و هێز و ئەرتەشێکی شاراوە و پەنگ خواردوو لە هەناوی کۆمەڵگادا، هاتنە سەرکاری رێژیمێکی لاساری مەزهەبی و ... فاکتگەلێکی بەهێز بوون بۆ سەرهەڵدانی شەڕێکی بێ وێنە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی تاران. لە راستیدا کورد لە ئێران ‌بۆ وەدیهێنانی مافە رەواکانی زەحمەتی خۆی کێشا؛ هەم زەبری کوشەندەی لە تاران دا، هەم بە شەهید بوونی هەزاران لاو و ئاوارەیی هەزاران کەس توانی گوتاری نەتەوەیی لەو بەشەدا بسەپێنێ. 

شەڕ لە دژی تاران دوای شەڕی ئێران و عێراق و هەتا شەڕی نێوخۆ لە کوردستانی باشوور هەروا درێژەی کێشا؛ شەڕی کورد لەگەڵ حکومەتەکانی دژ بەکوردستان لە راستیدا شەڕێک بوو لە پەنای شەڕێکی گەورەتردا. ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات لە بەغدا و ئەحزابی باشوور لە تاران کەڵکی باشیان بۆ بردنە پێشی خەباتی خۆیان وەرگرت و هەروەها لە خەست کردنەوەی دوژمنایەتی نێوان دوو دەوڵەتدا رۆڵی ئەرێنیان بینی. 

پاش ڕاپەرینی گەل لە باشوور، خەباتی رۆژهەڵات لە دوای ماندووبوونێکی زۆر و تێرۆری رێبەرانی کورد و رەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و دوای شەڕی نێوخۆی باشوور و دابەزین لە قەندیلەوە بۆ قووڵایی خاکی باشوور پێی نایە بارودۆخێکی دیکەوە بەڵام ئێران پاش شەڕ لە شێوازێکی دیکەدا بە هەمان تێچووی پێشترەوە درێژەی بە شەڕ و بشێوی لە ناوچەکە دا. خەساری گەورەی ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات ئەوە بوو کە لە ماوەی ئەو پاشەکشە چەکدارییەدا نەیتوانی لە بوارەکانی دیکەی خەبات وەک بواری ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی، زانستی و... کەڵکی لەبار بۆ خۆتەیارکردنەوەیەکی دیکە وەربگرێ. ئێستە کە دۆخی ناوچەکە و ناوخۆی ئێران ئاڵۆزتر بووە پێویستە ئەحزابی کوردی بە سیاسەت و هەڵوێستی خۆیاندا بچنەوە و بە هێنانە ئارای میکانیزمێکی نوێ و سەردەمیانە هەم نەوەی نوێ پەیوەست بەو خەباتەوە بکەن و هەم بە ئارایشتێکی یەکگرتوانەوە خۆیان بۆ هەلێکی دیکە ئامادە بکەن. ڕاسانی نوێ نابێ تایبەت بە لایەنێک بێ و لایەنەکانی دیکە خۆیانی لێ لا بدەن. ئێمەی کورد نابێ لاسایی خەباتی کورد لە بەشی دیکە بکەینەوە، چوونکە هەم بارودۆخی لەبار بۆ راپەرینی یەکلاکەرەوە لە ئارادا نییە و هەم باری رۆحی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ... بۆ خەباتی هەمەلایەنەی چەکداری فەراهەم نییە. 

لە ئێستەدا ئەحزابی کورد نابێ بە تەما بن وەک دەیەی شەست خەبات دەست پێبکەنەوە، چونکە نە ئیمکانی هەیە نە دۆخی ئێستا لە شەستەکان ئەچێ؛ حیزبی کوردی دەبێ بە تەواوی خەباتی خۆی بۆ رێکخستن لە ناوخۆ تەرخان بکات. رێکخستنی جەماوەر لە راستیدا خوێندنەوەیەکی زانستی و فرەڕەهەندی ئەوێ، رێکخستنەکان دەبنە هۆی ئەوەیکە ئەحزاب تەنیا بڕیاردەر بن و جەماوەر جێبەجێکار. 

بە رێکخستنی هەموو چین و توێژەکان هەم ڕەوتی خەبات خێراتر ئەچێتە پێشەوە، هەم رێژیم ناچار بە ملکەچی و پاشەکشە لە هەموو بوارەکانەوە ئەبێ؛ ئەگەر ئەحزابی کورد بە تەنیا وەک دەیەی شەست بێنە گوڕەپانی خەباتەوە هەم ئەرک و قورساییەکان دەکەوێتە سەرشانیان و هەم پاش ماوەیەک بە پیلانی نێودەوڵەتی مەحکووم بە پاشەکشە و ئاش بە تاڵ ئەبن. ئەحزابی کوردی دەبێ ئەوە بزانن شەڕ دەبێ وەک تاکتیکی کاتی بهێننە کار، چوونکە نە خەڵک و نە خۆیشیان ناتوانن لە دۆخی هەمیشە سەربازیدا بژین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.