کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان لایەنگرانی ئایینی یاری و دوو ئاخووندی حکوومەتی هاتە ئاراوە

16:27 - 1 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی \'\'پاڵان نەرگس\'\'ی سەربە ناوچەی گۆران لە پارێزگای کرماشان، لە هەوڵی گۆڕینی بڕوا و عەقیدەی هاووڵاتییانی لایەنگرانی ئایینی یاری دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە درێژەی هەوڵەکانی رێژیمی ئێران لەمەڕ گۆڕینی عەقیدەی هاووڵاتییانی کوردی لایەنگری ئایینی یاری لە پارێزگای کرماشان، دوو ئاخووندی حکوومەتی بە مەبەستی دروستکردنی مزگەوت سەردانی گوندی \'\'پاڵان نەرگس\'\'یان لە ناوچەی گۆران کردووە.
هاووڵاتییەکی کوردی لایەنگری ئایینی یاری بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو دوو ئاخووندە داوایان لێ کردووین کە مزگەوتێک لە گوندی پاڵان نەرگس دروست بکەین، لە کاتێکدا کە تێکڕای دانیشتوانی گوندەکەمان بڕوامەند بە ئایینی یارین و هیچ چەشنە پێویستییەکمان بە مزگەوت نییە و ئێمە وەکوو یارسان \'\'جەمخانە\'\'مان هەیە و کاروبار و ئەرکە ئایینییەکانمان لەوێ رادەپەڕێنین.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: \'\'پێداگریی ئاخووندەکان لەسەر دروستکردنی مزگەوت لەو گوندەدا ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی یاریی لێکەوتەوە و سەرەڕای دروست بوونی شەڕ و تێکهەڵچوون، ئەو دوو ئاخووندە لە گوندی پاڵان نەرگس وەدەر نراون.
لە ماوەی هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئاخووندییەوە هەتا ئێستا رێژیم لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی گۆڕینی بڕوا و عەقیدەی لایەنگرانی ئایینی یاریی لە پارێزگای کرماشان داوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەو هاووڵاتییانەی لێ کەوتووەتەوە.