کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ژیان

23:45 - 7 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

"تۆڕی ڕێکارەکانی گەشەپێدانی سەقامگرتوو" سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش بڵاو کرایەوە ئاشکرای کرد کە لەنێو وڵاتانی جیهاندا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پلەی ١١٠ی هەیە کە دەریدەخات دۆخی خەڵکانی نیشتەجێ لەم جوغرافیایە لە وڵاتانێکی وەک عێراق، وینزۆئێلا، نیجێریە، لیبێریا و گامبیاش شپرزەترە! بەپێچەوانەشەوە وڵاتانی، وەک سەرانی ڕێژیم دەڵێن کافر و بێدین، لەوانەش فینلاند و دانمارک و ئایسلەند، سویس، هۆلەند، لوکزامبۆرگ، سوید و نۆروێژ و تەنانەت ئامریکا و ئینگلیس و فەڕانسە و ئیسڕاییل شادترین وڵاتانی جیهانن.

لەمەش سەیرتر ئەوەیە کە تەنانەت وڵاتێکی وەک ئۆکڕاینا کە هەنووکە لە حاڵی شەڕدایە و ڕۆژانە خەڵکەکەی بە دڵەڕاوکێوە دەژین و لەژێر ڕەهێڵەی بۆمبا و مووشەکەکانی ڕووسی هاوپەیمانی تارانن، پلەی ٩٨ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و دەری دەخات کە بەو حاڵەشەوە خەڵکەکەی لە خەڵکی ئێران شادتر و هیوادارترن بە ژیان و داهاتوو!

پێوەرە بەکارهاتووەکان بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بریتین لە سەرانەی بەرهەمی ناپاقژی نێوخۆیی، هیوا بە ژیانی تەندروست، ڕێژەی گەندەڵی، پشتیوانی کۆمەڵایەتی، ئازادی بۆ هەڵبژاردنی شێوەی ژیان و هەروەها دڵئاواڵایی.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە وەک لە دواهەواڵ و لێدوان و ڕاپۆرتە فەرمی و نافەرمییەکان‌ڕا دەردەکەوێ دۆخی ژیان لە ئێران تا دێت ئەستەمتر و قورستر دەبێتەوە؛ هەر لە گرانبوونی بەردەوامی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ژیانەوە بگرە تا دەگاتە دابەزینی ئاست و کوالێتی ژیانی خەڵکانی ئێران، جگە لەو تاقمەی کە خۆیان سەر بە حکومەت و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکومەتن؛ بۆ نموونە ئایا تا ئێستە هیچ بەرپرسێکی حکومەتی بینراوە کە لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی شارەکانی ئێراندا بژی؟ یا ئایا هیچ ئاغازادەیەک ئاگای لەوە هەیە کە بودجەی ئەو پارێزگای کە تێیدا نیشتەجێیە یان ئەو شارەی کە تێیدا دەژی چەندە و چۆن دابەش دەکرێ؟ بەدڵنیاییەوە وڵام "نا"یە.

لێرەدا بۆ دەرخستنی ئەو کەتوارەی کە بۆچی خەڵکانی ئێران یەکێک لە ناشادترین خەڵکانی جیهانن دوو نموونە لە پارێزگای سنە دەهێنینەوە؛

بەپێی دوایین هەواڵەکان، پارێزگای سنە، هاوشێوەی هەموو پارێزگا پەراوێزخراوەکان کە ڕوونە ئەو پارێزگایانەن کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی کورد و تورک و عەرەب و بەلوچ و تورکمانی تێدا دەژین، لە ئاستی ئێراندا و لە نێو ٣١ پارێزگا پلەی ٢٧ی لە بودجەی گشتی هەیە! ئەمەش بۆ ئەو کەتوارە دەگەڕێتەوە کە ڕوانینی دەسەڵات لە ئێران ڕوانینێکی ناوەند – پەراوێزە کە لە ناخی خۆیدا بووەتە هۆکاری دروستبوونی کەلێنی گەورەی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی و لەکۆتاییشدا ناهومێدی و بێهیوابوون بە داهاتوو.

لە هەواڵێکی دیکەشدا مستەفا ڕەزایی، جێگری بەشی خانوبەرە لە وەزارەتی ڕێگە و شارسازی، ڕایگەیاندووە کە بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، ٥١٪ی حەشیمەتی شارنشینی پارێزگای سنە لە خانووی ناکارامە، نافەرمی و بە پێکهاتەی کۆن و پەرتووکاو دەژین کە ئەمانە ئاستی ڕیسک بۆ ژیان دەبەنە سەرێ.

ئەمە دۆخێکە کە تەنیا لە پارێزگای سنەدا هاتووەتە بەر باس و ئاوڕدانەوە لە باقی پارێزگاکانی کوردستانیش جێگەی سەرنجە کە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەم پارێزگایەدا نییە و بگرە لە هەندێ پارێزگای تری کوردستانیش وەزعی ژیان خراپترە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو نموونە سادە و گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ ناشادبوونی خەڵکانی ئێران، جارێکی تر پێمل بەو ڕاستییە دەبین کە هۆکاری ئەوەی دانیشتووانی جوغڕافیای ئێران بۆچی بەبەراورد لەگەڵ وڵاتێکی لەحاڵی شەڕی وەک ئۆکراینا لە پلەیەکی نزمتری ڕاپۆرتەکەدا جێیان گرتووە، چییە؟

 ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وڵاتی ئێران لە حاڵی شەڕدا نییە بەڵام لەڕاستیدا ئەوانیش ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە کە شەڕ دەکەن؛ شەڕی خەڵکی ئەم وڵاتە شەڕ بۆ ژیانە! ژیانێک کە مافەکەی لە خەڵک زەوت کراوە و خەم و خەمۆکی لە جیاتی دانراوە و کراوەتە دیارییەکی ساڵانە لە لایەن ناوەندەوە بۆ خاوەنانی ڕاستەقینەی ئەم نیشتمانە.