کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئێران سەرەڕای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی لوبنان جێ ناهێڵێت

13:31 - 10 خاکەلێوه 2726

محەممەد ڕەزا شەیبانی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بەیرووت، سەرەڕای تەواوبوونی مۆڵەتی دیاریکراو لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە، ئامادە نییە ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری "فەڕانسە"، سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیک کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارەی شەیبانی لەسەر داوای نەبیە بەری، سەرۆکی پەرلەمان و حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی لوبنان متمانەی لە باڵوێزی ئێران سەندبووەوە و تا کۆتایی ڕۆژی یەکشەممەی وەک مۆڵەت بۆ دیاری کردبوو تا خاکی وڵاتەکە جێ بهێڵێت.

ئەم گرژییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە هات کە دەوڵەتی لوبنان سپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرەستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا دەکات لە شەڕی دژ بە ئیسرائیلدا.

لە کاتێکدا نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، چالاکییە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەغە کردووە، حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل بڕیاری دەرکردنی باڵوێزەکەی ئێرانییان سەرکۆنە کردووە.

پێکدادانەکان لە لوبنان لە ٢ی مارسەوە و دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستیان پێ کردووە و ئێستاش بەردەوامە.