هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هەواڵی ئامانجگرتنی دووپاتەی یەکێک لە ناوەندە سەرەکییە سەربازییەکانی سپای پاسدارانیان لە تاران ڕاگەیاند.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم هێرشە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە ئەنجام دراوە و یەکێک لە ژێرخانە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگەی زانکۆی "ئیمام حسێن"ی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم زانکۆیە وەک گرنگترین ناوەندی پەروەردەیی و توێژینەوەی سپای پاسداران، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێگەیاندنی هێزە سەربازییەکان و پەرەپێدانی تێکنۆلۆژی پێشکەوتووەکانی چەکداری دەگێڕێت و هەندێک لە چالاکییە توێژینەوەیی و پەرەپێدانە سەربازییەکان لەژێر ناوی مەدەنی لەم شوێنەدا ئەنجام دراون.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە کاتی ئەم هێرشەدا، دامەزراوەی وەک "تونێلەکانی با" کە بۆ تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی مووشەکە بالستیکەکان بەکاردێن، ناوەندێکی توێژینەوەی کیمیایی و ناوەندی تێکنۆلۆژی و ئەندازیاریی گرووپی مکانیک کراونەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتی رۆژی ١٠ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تاران، نزیکەی ٤٠ بنکە و دامەزراوەی بەرهەمهێنان و لێکۆڵینەوەی چەک کراونەتە ئامانج.
ئەم هێرشانە کە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی یەک مانگی ڕابردوودا ئەنجام دراون، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەک و چۆڵی سپای پاسداران و گەیاندنی زیانی جیددی بە ژێرخانە سەربازییەکانی بووە.