کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ئێران تاوتوێی کشانەوە لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات

17:49 - 10 خاکەلێوه 2726

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە مەجلیسی شورای ئیسلامی خەریکی لێکۆڵینەوەیە تا ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە.

ئیسماعیل بەقایی، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: پرسیاری بیروڕای گشتی ئەوەیە کە "ئەندامبوون لە بەڵگەنامەیەکدا کە ڕێگری لە سوودمەندبوونی ئێران لە مافەکانی خۆی دەکات، چ سوودێکی هەیە".

بەقایی لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەبووە.

پەیمانی (NPT) مافی پەرەپێدان و بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەندامان بەفەرمی دەناسێت، بەو مەرجەی بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو نەنێن.

ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە هاتن کە مالک شەریعەتی باسی لە داڕشتنی گەڵاڵەی خێرای "پشتیوانی لە مافە ئەتۆمییەکانی خەڵکی ئێران"ی کرد.

ئەو قسانە لەکاتێکدانە کە عەلائەدین بروجێردی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە "کات بۆ کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (NPT) هاتووە."