دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی تر هۆشداری دایە تاران و ڕایگەیاند ئەگەر گەرووی هۆرمۆز دەستبەجێ نەکرێتەوە، ئەمریکا دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران دەکاتە ئامانج.
ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسی: "ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولادا نەکرێت و گەرووی هۆرمۆز بۆ بازرگانی نەکرێتەوە، واشینگتۆن بە هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارک، کۆتایی بە هەڵمەتە سەربازییەکەی دەهێنێت."
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئەمریکا تا ئێستا بەئەنقەست خۆی لەو جۆرە کارانە بەدوور گرتووە، بەڵام لە کاتی پێویستدا ئەم هێرشانە وەک "کردەوەیەکی تۆڵەسێنەرانە" ئەنجام دەدرێن.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی وتووێژەکان لەگەڵ ئەوەی ناوی برد بە "ڕێژیمێکی نوێ و ژیرتر" کرد و باسی لە پێشکەوتنی لەو دانوستانانەدا کرد.
لەلایەکی تریشەوە، پێنتاگۆن زیادکردنی هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە ڕاگەیاندووە و محەممەد باقر قاڵیبافیش باسی لە ئەگەری پلانێکی ئەمریکا بۆ هێرشی زەوینی کردووە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران لەوانە ئیسماعیل بەقایی، هەموو جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ واشینگتۆن ڕەت کردووەتەوە.