سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە "عەلیڕەزا تەنگسیری"، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەم دامەزراوە سەربازییە، کوژراوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ناوبراو "بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە" گیانی لەدەستداوە.
پێشتر، ڕۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجداردا، ئەم فەرماندە پلەبەرزەی سپای لەنێو بردووە.
کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەکەیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە وتی: "هەر پاسدارێک تەنگسیرییەکە و لە ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوودا دەردەکەوێت کە چ کارێکی چاوەڕواننەکراو ئەنجام دەدەن."
پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران، ڕێک لەو کاتەدا دێت کە گرژییەکان لە کەنداودا گەیشتوونەتە لووتکە و ئەمنییەتی گواستنەوەی وزە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچە و جیهان لە نادیاریدایە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە لەدەستدانی تەنگسیری، گورزێکی قورس و جیددییە لە پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنیی ڕێژیم لە ئاوەکانی کەنداودا.