کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان لە سیاسەتی نوێیدا دژایەتیی قووڵی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە دەکات

15:15 - 12 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ئەنستیتۆی فەرانسە بۆ رۆژهەڵاتی نیزیک، کۆڕێکی بۆ پرۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان بەڕێوە برد و لەو کۆڕەدا ستێفان لاکروا باسی لە خاڵە گرنگەکانی ستراتێژیی سیاسەتی عەرەبستان کرد.

ئەنستیتۆی فەرانسە بۆ رۆژهەڵاتی نیزیک ، رۆژی پینجشەممە، ١١ی سەرماوەز بەرامبەر بە ١ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینی، کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ، کٶڕێکی سیاسی و زانستیی لە شاری هەولێر بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ستێفان لاکروا بەڕێوە برد. لە کۆڕەکەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و کۆنسوولی فەرانسە لە هەولێر و چەندین کەسایەتیی ئاکادێمیک ئامادەبوون و هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە سەرپەرستیی کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب بەشداربوون.

پرۆفێسۆر لاکروا کە کۆڕەکەی بە زمانی فەرانسەوی بەڕێوە برد و لە پرسیار و وەڵامەکاندا بە زمانەکانی فەرانسەوی و ئینگلیسی و عەرەبی وەڵامی پرسیاری بەشدارانی دایەوە، باسی لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەبارەت بە جیهانی عەرەبی و بەتایبەت میسر و بەتایبەتیتر عەرەبستانی سعوودی کرد و سەرەتا باسی مێژووی دەسەڵاتی سعوودیی کرد و دواتر چووە سەر خاڵە گرنگەکانی سیاسەت و دەسەڵاتداری لە عەرەبستاندا.

لە بەشێکی باسەکەیدا باسی لەوە کرد کە چوار خاڵی سەرەکیی ستراتژیی دەسەڵاتداریی عەرەبستانی سعوودی بریتین لە: - خالی ئایینی کە ئیدئۆلۆژیک نیە و بریتییە لە هاوکاریی پاشا و زانای ئایینی - دەسەڵاتی بنەماڵەیی کە ئاوەزی جەمعی تێدا ئامادەیە - داهاتی نەوت کە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێ - هاوپەیمانی لەگەڵ ئامریکا.

لە شیکردنەوەی خاڵەکاندا، ستێفان لاکروا باسی لەوە کرد کە بەپێچەوانەی تێگەیشتنە ئاساییەکان، دەسەڵاتی عەرەبستان لە ساڵی ١٩٤٥دا لە سەردەمی عەبدولعەزیز و رۆزڤێلتدا هاوپەیمانییان بەست و پیش لە ئیسراییلیش یەکەم هاوپەیمانی ئامریکا لە ناوچەدا بووە.

لە بەشیکی دیکەی باسەکەدا کۆرگێر باسی لەوە کرد کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچە و بەتایبەت دوای دەسەڵاتداریی مەلەک سلێمان، لە ٢٠١٥دا، دەسەڵاتی سعوودی ستراتژیی سیاسیی بە شێوەیەک دارشتوە کە دەیەوێ خۆی راستەوخۆ شەڕی بەرژەوەندییەکانی بکا و دژی سیاسەتەکانی رژیمی ئێران و دژی دەستێوەردانەکانی تاران لە ناوچە بوەستێتەوە.

بەپێی قسەکانی ستێفان، داعش و تیرۆریزمی جیهادیی ئەلقاعیدە لەلایەن عەرەبستانەوە وەکوو مەترسی و هەڕەشە چاو لێ دەکرێن بەڵام لەوەش مەترسیدارتر بۆیان دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیە و لە پلەی یەکەمی مەترسییەکان پێناسەیان کردوە.

دوای کاتژمێرو نیوێک، کۆڕەکە بە پرسیاری بەشداران و وەڵامدانەوەی کۆڕگێڕ کۆتایی پێ هات.