کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' کۆتایی پێهات

15:36 - 30 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: فیستیڤاڵی ساڵانەی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' لە وڵاتی مەکزیک کە ئەمساڵ بۆ ناساندنی فەرهەنگ و کولتووری کوردەواری تەرخان کرابوو، کۆتایی پێهات.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، پێنجەمین فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' کە ئەمساڵ کوردستان وەکوو میوان تێیدا بەشدار بوو، کۆتایی پێهات.
لەو فیستیڤاڵەدا باڵوێزی لوبنان لە مەکزیک دوو رۆژ لەسەر یەک بەشداریی کرد و وێڕای پاڵپشتی لە داخوازییە رەواکانی نەتەوەی کورد، کولتوور و فەرهەنگی کوردستانی بە رەنگین و دەوڵەمەند وەسف کرد و ستایشی چالاکیی کوردستانییانی لەو فیستیڤاڵەدا کرد.
لە دوایین رۆژی فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\'دا چەند تابلۆی هەڵپەڕکێ و گۆرانی لەلایەن هونەرمەندانی کوردەوە پێشکەش کرا و لە بڕگەیەکی دیکەشدا جلوبەرگی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان نمایش کرا.
دواتر رەحیم رەشیدی چالاکی سیاسی، سەبارەت بە گرینگیی فیستیڤاڵی تامی مۆرێلۆس و خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا بۆ بەشداران دوا.
ئەو فیستیڤاڵە بە شایی و گۆڤەند و خۆشیی سەدان کەس لە کوردان و مەکزیکییەکان کۆتایی پێهات.