کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانبەرانی پێترۆشیمیی ئیلام مانیان لە کارکردن گرت

19:42 - 25 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: کرێکاران و کارمەندانی شیرکەتی پێترۆشیمیی ئیلام لەهەمبەر دواکەوتنی مووچە و پێشێلکرانی مادەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.


هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، ئەو ناڕەزایەتییانە دوێنێ شەممە دەستی پێ کردووە و هەنووکەش بەردەوامە و بەڕێوەبەری گشتیی پێترۆشیمیی ئیلام لەنێو کرێکاران و فەرمانبەرانی ناڕازیدا ئامادە بووە، بەڵام وەڵامێکی روون و ئەوتۆی بەو کرێکارانە نەداوەتەوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئەو مانگرتنە دوو رۆژە بەردەوامە و هیچ لێپرسراوێکی پارێزگای ئیلام لەهەمبەر کرێکاراندا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و پاش ئەم ناڕەزایەتییانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو شیرکەتە دەرکراون، یان ئیزنی چوونە نێو کارگەکەیان نییە.
لەم پێوەندییەدا کرێکارانی شیرکەتی رێگەوبان لە جاددەی سەقز ــ بانه، سەربە شیرکەتی جیهادی نەسر، لە شوێنی کارەکەیان لەهەمبەر دواکەوتنی مووچەی مانگانەیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.
شیرکەتی جیهادی نەسر لە پرۆژەی رێگاوبانی سەقز ــ بانه ٢٢ کرێکاری هەیە کە رێککەوتنی ٨٩ رۆژەیان لەگەڵ ئەو شیرکەتە هەیە.