کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی پلەبەرزی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا

14:13 - 25 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕەزا فەرزانە فەرماندەی پێشووی لەشکری ٢٧ی محەممەد ڕەسوڵەڵای تاران، لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەواڵی کوژرانی ١٢ ئەندامی دیکەی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کرایەوە.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەم بارەیەوە بڵاوی کردووە کە ڕەاز فەرزانە ٤٠ ڕۆژ لەمەبەر نێردرابووە شەڕی سووریه، کە لەو شەڕەدا کوژراوە.

ئەندامانی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران، وەکوو ئەندامی سپا و بەسیجی ڕێژیمی ئیسلامی، لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یان لەژێر ناوی پارێزەارنی حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە لە وڵاتی سووریە بە مەبەستی بەرگری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد، شان بە شانی هێزەکانی ئەو ڕێژیمە شەڕ دەکەن.

بەپێی ئامارێک کە بڵاو کراوەتەوە ، هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون، بەڵام سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بەشداریی نیزامیی خۆی لە شەڕی سووریەی ڕەت کردووتەوە.

کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و بەشداریی نیزامی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر باری تێچوویەک بە بڕی ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار.