کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی گوندێکی ناوچەی هەورامان لە خزمەتگوزاریی قوتابخانەی دواناوەندی بێبەرین

23:27 - 23 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: گوندی دەرەکێ بە ٦٥٠ بنەماڵە و به حەشیمەتێکی ٤ هەزار کەسییەوە لە خزمەتگوزاریی قوتابخانەی دواناوەندی بێبەرییە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابییانی گوندی دەرەکێ لە ناوچەی هەورامان لە شارستانی سەوڵاوا، لە قوتابخانەی دواناوەندی بێبەرین و قوتابییان ناچارن مەودایەکی نیو کاتژمێری بە پاس کە لەلایەن بنەماڵەی قوتابییانەوە بە کرێ گیراوە، بۆ گوندەکانی دەوروبەر بەتایبەت گوندەکانی \'\'دزڵی و هەورامانی تەخت\'\' ببڕن کە ئەویش کێشەی جۆراوجۆری بۆ قوتابییان دروست کردووە.
یەکێک لەو کێشانە وەرزی زستانە. لەو وەرزەدا بەهۆی سەخڵەتیی رێگاوبان، هاتوچۆی قوتابییان بۆ گوندی \'\'دزڵی\'\' ئەستەم و تووشی کێشە و گرفت دەبێت و لە وانە و خوێندن بەجێ دەمێنن.
ئەمە لە کاتێک دایە کە کرێی هاتوچۆی قوتابخانە کە لەلایەن بنەماڵەی قوتابییانەوە دابین دەکرێ، زۆر گرانە زۆربەی ئەو بنەماڵانەش کە کەم داهاتن بە دژواری دەتوانن ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن، یان هەندێکیان هەر توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیانە نییە و لەڕووی ناچارییەوە منداڵەکانیان واز لە خوێندن دێنن.
سەرەڕای ئەمانەش کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکە وەکوو بردنی پارە بۆ قوتابخانە، ئەندامەتیی بەزۆرەمڵی لە رێکخراوی بەسیجی دانش ئامووزی و ... هتد، لەلایەن قوتابخانەکانەوە بۆ قوتابییان دروست دەبێت کە بە بڕوای کارناسانی ئامووزشی، قوتابخانەکان لە حاڵەتی شوێنێکی پەروەردەیی دەرچوون و زیاتر لە ناوەندێکی ئابووری یان نیزامی دەچن.
ساڵانی رابردوو چەندین هەواڵی پێوەندیدار بە وەرگرتنی پارە لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانەوە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەواڵدەرییەکان و لەوانە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' بڵاو بووەوە و بەو هۆیەشەوە کۆمەڵیک قوتابی بەناچاری و بەهۆی کەم داهاتیی بنەماڵەکانیان وازیان لە خوێندن هێنا.
سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانە، کەمیی شتومەک و پێداویستییەکانی خوێندن لە ئێران کێشەیەکی دیکەی خوێندن لەبەر دەم قوتابییان و فێزخوازانە کە بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی \'\'مێهر\'\' هەنووکە لە وەرزی کردنەوەی قوتابخانەکاندا گرانیی ئەو پێداویستییانە لەو لەوپەڕی خۆی دایە.