کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی ئۆفیسی شەبەكەی \"العالم\"ی سەر بە ئێران لەقاهیرە دەسبەسەر كرا

18:29 - 30 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەكانی وڵاتی میسر بەرپرسی ئۆفیسی شەبەكەی ئەلعالەمیان لە قاهیرە دەسبەسەر كرد.
كاناڵی ئەلعالم بڵاوی كردەوە، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٩‌ی پووشپەڕ هێزە ئەمنیەتییەكان چوونەتە ئۆفیسی ئەو كاناڵە و ئەحمەد سیوفی‌یان دەسبەسەر كردووە و دەستیان بەسەر كەلوپەلی ناو ئۆفیسەكەشدا گرتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراوێكی میسر رایگەیاندووە، هۆكاری ئەو دەسبەسەر كردنە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مۆڵەتی كاركردن لەلایەن ئەو ئۆفیسەوە.
ئەو ئۆفیسە مانگی بانەمەڕی١٣٩١یش بۆ ماوەیەك لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی میسرەوە داخرا و بەوتەی كاناڵەكە هەتا ئێستا ئەو ئۆفیسە چوار جار هێرشی كراوەتە سەر.

لێپرسراوانی ئەمنیەتیی میسر رایانگەیاندووە، دەسبەسەركردنی ئەو لێپرسراوە لەسەر بڕیاری ئەرتشی ئەو وڵاتە بووە.

شەبەكەی ئەلعالم بۆ ماوەی ١٠ ساڵە دامەزراوە و بە زمانی عەرەبی بەرنامە بڵاو دەكاتەوە و سەر بە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.