کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێڕەوار و دارستانەکانی دەوروبەری گوندی نجار لە ئاگردا سووتان

22:41 - 29 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆر لە دارستان و لێڕەوارەکانی دەوروبەری گوندی نجار سەربە شارستانی پاوە، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٣ کاتژمێر لە ئاگردا سووتان.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو ئاگرکەوتنەوە کاتژمێر ٢٢ی شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، دەستی پێکردووە و هەتا کاتژمێر ١٣:٣٠ی شەوی رابردوو بەردەوام بووە.

سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: شەوی رابردوو ئەو ئاگرکەوتنەوە دەستی پێکرد و هەتا بەرەبەیانی رۆژی دواتر ئاگرەکە بە بێ ئاگاداریی خەڵک بەردەوام بووە\'\'.

پاش ئاگاداربوونی خەڵک لەو ئاگرکەوتنەوە ئەنجومەنی لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ بە هاوکاریی هاووڵاتییان خۆیان گەیاندە شوێنی ئاگرکەوتنەوە و پاش چەند کاتژمێر هەوڵی بەردەوام ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، رێژەی خەسار و زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوە نزیک بە ٣٠ هێکتار خەمڵێنراوە.

هێزەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوەی سەربە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش هیچ هەوڵیکیان لەمەڕ کوژراندەوەی ئەو ئاگرە نەداوە و تەنیا بە هەوڵ و ماندووبوونی هاووڵاتییان و ئەندامانی رێکخراوی ئەنجومەنی لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ، کۆنترۆڵ کرا.