کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٥ رووداوی هاتوچۆدا ٥ هاووڵاتی بوونە قوربانی

15:50 - 22 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا ٥ هاووڵاتیی کورد بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە رێگاکانی کوردستاندا گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبان و ئۆتۆمبێلەکان لە رێگا سەرەکییەکانی کوردستان ٥ رووداوی هاتوچۆ رووی داوە.
بەهۆی ئەم رووداوە لە جاددەکانی کوردستان ٤ هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست دا و کەسێکی دیکەش بە توندی بریندار بوو.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی رەشەمە لە شارستانی سەرپێڵ زەهاو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید لە پێکدادانێکدا لەگەڵ کامیۆنێکی باری، ئاگری تێبەر بوو و بەپێی راپۆرتەکان ٢ سەرنشینی ئەو پرایدە لە ئاگردا سووتان و گیانیان لە دەست دا.
هەر لە رێگای سەرپێڵ زەهاو ــ قەسری شیرین، لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا هاووڵاتییەکی دیکە گیانی لە دەست دا.
هەروەها کاتژمێر ١ی سەرلە بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە رووداوێکی هاتوچۆ لە جاددەی پاوە ــ مەریوان لە نزیک گوندی زەکەریان رووی دا.
لە ئاکامی ئەو رووداوەدا شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی کامیل رەحمەتی خەڵکی گوندی بندۆڵ سەربە بەخشی مەرکەزیی شارستانی سەوڵاوا گیانی لە دەست دا و سەرنشینێکی دیکەش بە ناوی فەرهاد ئەحمەدی بریندار بوو و پاشان بۆ نەخۆشخانەی بوو عەڵیی شاری مەریوان راگوێزرا.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە لە رێگای کامیاران ــ کرماشان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کامیاران بە ناوی محەممەد رەحمانی یاریزانی تیمی تۆپی پێی بێعسەتی کرماشان بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا.