کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوئید هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد

12:00 - 7 رەشەمه 2720

"حەمید تەیمووری" نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوئید سەردانی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتەی کرد و باسی لە دۆخی خەڵکی کوردستان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "حەمید تەیمووری" نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی سوئید لەگەڵ خاتوو "پێترا ئاندرسون" (Petra Andersson) ڕاوێژکاری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "فریدا هانسن" (Frida Hansen) هاوکاری ناوبراو کۆ بوویەوە.

لەم دیدارەدا باسی ئەوە کێشە و گرفتانە کرا:

باسی ڕەشبگیریی لاوانی کورد لە کوردستان کرا کە لەلایەن هێزی ئەمنییەتی و سپای پاسدارانەوە دەگیرێن. ئەم گیراوانە هەموویان چالاکی مەدەنی، ژینگەیی، سەندیکای مامۆستایان و چالاکانی دیکەن بەڵام بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم جێگای قەبووڵ نییە و و هەر بۆیە دەستیان داوەتە ڕەشبگیریی لاوەکان بە کچ و کوڕەوە کە نزیکەی ١٢٠ کەس دەبن.

باسی کۆڵبەران کرا کە ئەم کۆڵبەرانە بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان و لەبەر بێکاری ناچارن کاری مەترسیداری کۆڵبەری بکەن، کە چی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ دەکرێت و ڕۆژ نییە لانیکەم کۆڵبەرێک و چەند کەسی تریان بریندار نەکرێن.

باسی گرتنی "زارا محەممەدی" کرا کە مامۆستای زمانی کوردیە و هەر بۆ ئەوەی وانەی کوردی فێری منداڵان کردووە، لە دادگای شاری سنە سزایان داوە و ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندووە.

باسی ئێعدامەکان کرا کە لە کوردستان، ئێعدام و هەڵواسینی لاوانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بەرەو هەڵکشان دەچێ. ئەمەش ئەوە پیشان دەدا کە ڕێژیم هیچ بایەخی بە مافی مرۆڤ نە لە ئێران بەڵکوو لە کوردستانیش نادا و مافی مرۆڤ پێشێل دەکا.

کێشەی پانەدەمی کۆرۆنایان باس کرد کە کێشەیەکی گەروەیە و هەموو خەڵکی ئێران بەدەستییەوە دەناڵێنن و ڕێژیم هیچ بایەخێک بەو کێشەیە نادا و سەرەڕای ئەوەش خەڵک بە دەستی بێدەرەتانی و نەبوونی دەوا و دەرمان و بنکەی تەندروستی هاواریانە، کەچی ڕێژیم هیچ چارەسەرێکی بۆ خەڵک پێ نییە و قەیرانەکان قووڵ تر و قووڵتر دەبنەوە. ئەوەش دەزانن کە ولاتانی جیهان لە شوێنی کڕینی واکسەنن، کەچی ڕژیم واکسەنی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی قەدەخە دەکا.

باسی کێشەی ئەتۆمییان هێنایە بەر باس کە ڕێژیم ڕۆژانە هەڕەشە دەکا کە پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی چالاک دەکەن و دەست دەکەنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم. ئەمەش گرفتێکە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکاش ناتوەانن ڕژیم بوستێنن و رژیمی ئاخوندیش یاری لەگەڵ وڵاتانی زلهێز دەکا و گوێ ناداتە یاساکانی نێونەتەوەیی کە دژی پێکهێنانی چەکی ناوەکین.

سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەش کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنێ کە چی لە ئاژاوە نانەوەی خۆی دەستی هەڵنەگرتووەو لە وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و یەمەن و سووریە. هەر بۆیە ڕۆژانە مووشەک دەگرێتە باڵوێزخانەی ئامریکا لە عێراق بەهۆی ڕێکخراوە تێروریستیەکانی دەست پەروەردەی خۆی لە ناوچەکە. جگە لەوانەش لە یەمەن مووشەک دەگرێتە وڵاتی سعودیە و زەرەر لە بەشی ناوەندی ئابووریی ئەو وڵاتە دەدا.

سەرەرای ئەمانەش نەبوونی بژیوی ژیان لە کوردستان و گرانیی شتومەک و بێکاریی زۆر و نەبوونی دەواو دەرمان و هێنانی واکسەنی مەترسیدار لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێران بەگشتی، ڕێژیم لە هەڕەشەی خۆی ناکەوێ و ڕۆژانە هەڕەشە لە حیزب و ڕێکخراوە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات دەکا. هەر بەو جۆرەش ئەمە نیگەرانی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە، بەو جۆرەی کە ڕێژیم شار و دێهاتەکانی کوردستانی میلیتارێزە کردووە و لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ بوردمانی ئەم حیزبانە لە کوردستانی باشوور.

خاتوو" پێترا "باسی ئەوەی کرد کە ئاگاداری ڕەشبگیریی لاوانی کوردن و تەنانەت ئاگاداری کۆڵبەرانی کوردن کە ڕۆژانە هێزی نیزامیی ڕێژیم لەو کۆڵبەرانە دەکوژێ و برینداریان دەکا.

ناوبراو وتی ئاگاداری ئێعدام و کوشتنەکانین کە لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بەندکراوەکان دەکوژن.

 خاتوو پێترا وتی کە تیمی ئەوان لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ پارلەمانی و دەوڵەتی سویئد هاوکاری دەکەن و ڕۆژانە ئەم ڕاپۆرتانە بە پارلەمان دەدەن و لەسەری باس و  لێکدانەوە دەکەن.

ناوبراو وتی هەر چەند ڕێژیم گوێ ناداتە مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێ نەتەوەییەکان، بەڵام ئەو باسانە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم درێژە پێ دەدەین. ناوبراو وتی ئاگادری ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەین و بەتایبەتی ڕێژیمی تاران کە دایمە خەریکی نانەوەی ئاژاوەن.

ناوبراو ئاماژەوی بەوە کرد کە ئەو مووشەکانی لە یەمەنەوە بەرەو سعوودیە هاویشتران دەرکەوت کە ڕێژیمی تاران ئەو کارەی ئەنجام داوە، بەڵام دەوڵەتی سوئید لەگەڵ وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە باس دان لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی تاران، بەتایبەتی گەڕانەوەی ئێران ببۆ سەر مێزی وتووێژ و چارەسەریی کێشەی چەکی ئەتۆمی.  

"پێترا" وتی شتێکی زۆر ئاسان نییە بۆ خۆتان دەزانن دەبێ هەموو وڵاتەکان لەسەر کێشەکان هاوبیروبۆچوون بن دەنا هیچ کێشەیەک بە هیچ وڵاتێک بەتەنیا چارەسەر ناکرێ و بۆیە هەموو لایەک لە تێکۆشاندان بۆ کێشانی رژیمی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژ و بەستنەوەی بە یاسا نێونەتەوەییەکان.

هەر لە چوارەوەی ئەم باسانەدا باسی خەڵکی ئێرانیان کرد کە چیتر خەڵک باوەڕیان بەو ڕێژیمە نییە و تەنیا ڕێژیم بە زەبرو زۆر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکدا بە شێوەی دیکتاتۆری دەسەپێنن.

جگە لەوانەش باسی نەتەوەکانی تری وەک عەرەب، ئازەری، تورکمەن و بەلووچ کرد، کە بەلووچەکان دوو ڕۆژە لەبەر زوڵمی سپای پاسادارن دەستیان داوەتە خۆپێشاندان و ڕووخانی بنکەکانی ڕێژیم لە شارەکانی سراوان.

لەسەر مەزهەبەکانی تری وەک بەهایی و یارسانییەکان باس کرا کە خاتوو پێترا وتی کە بەهاییەکان زۆر لەژێر گوشاری ڕێژیمن و ئازاریان دەدەن، لەبارەی یارسانەوە وتیان کە جێگای پێرۆزی بابایادگار لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە کەوتووەتە بەر هێرشی چەکداریی ڕێژیم و ئەمەش بێڕێزیە بەو کەمە مەزهەبیانە کە غەیرە موسڵمانن.