کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەدا ٤٠ی بریندارانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گیانیان لەدەست دەدەن

14:52 - 30 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: لە ماوەی ١١ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٣٣ هاووڵاتیی پارێزگای ئورمیە لە رووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لە دەست داوە.
پزیشکی یاسایی پارێزگای ئورمیە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ١١ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٣٣ هاووڵاتیی پارێزگای ئورمیە بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
جاددەکانی نێوان شارەکانی ئورمیە ــ مەهاباد، ئورمیە ــ سەڵماس، ئورمیە ــ میاندواو، جاددەی سەڵماس ــ ماکۆ و میاندواو بۆ بۆکان زیاترین رووداوەکانی هاتوچۆی لێ دەکەوێتەوە.
ئاماری پزیشکی یاسایی دەرخەری ئەوەیە، ٤٠% بریندارانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئورمیەدا گیانیان لە دەست دەدەن.
کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و کادری دەرمانی لە نەخۆشخانەکانی ناوچە کوردنشینەکان رێژەی قوربانیانی ئەو رووداوانەی زێدەتر کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاستی ئیمەنیی جاددەی نێوان سەقز و بانه بەهۆی هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان بۆ بازارچەی سنووری، سەهۆڵبەندان و خراپیی ژێرخانی ئەو رێگاوبانانە، کەمی کردووە و لە ئەنجامدا ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە رۆژانی رابردوودا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بریندارانی ئەو رووداوانە پاش راگواستنیان بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو دوو شارە، پاش چەندین کاتژمێر چاوەڕێ بوون، بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و کادری دەرمانی، رەوانەی شارەکانی دەوروبەر کراون.
رێگاوبانە مەترسیدارەکان و رەچاونەکردنی ستانداردە جیهانییەکان و نەبوونی هێزی مرۆیی پێویست لە نەخۆشخانەکان، ساڵانە مەرگی چەندین هاووڵاتیی کوردی لێ دەکەوێتەوە.