کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا، لانیکەم ٢٥٠ کەس لە ئێران ئیعدام کراون

17:06 - 6 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ناوی پیلای کۆمیسێری پایەبەرزی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە ٢٥٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.
رادیۆ ئاڵمان بڵاوی کردەوە، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی بەڕێوەچوونی سزای ئیعدام لە ئێران، بە ٢٩ دەنگی \'\'ئەرێنی\'\' لە کۆی گشتیی ٤٧ دەنگ بڕیارنامەیەکی لەبارەی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام لە جیهان پەسند کرد.

پێش ئەم دەنگدانە ناوی پیلای کۆمیسێری پایەبەرزی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لە ژنێڤ وتی: لەنێو ئیعدامکراوەکاندا لە ئێران کەسانێک هەن کەلە تەمەنی منداڵیدا تووشی تاوان بوو.

بە وتەی ئەو کۆمیسیرە پایەبەرزە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیی لانیکەم لە ئێران ٥٠٠ کەس ئیعدام کراون و هەنووکە ١٦٠ کەس لە زیندانەکانی ئێران چاوەڕێی بەڕێوەچوونی سزای ئیعدامن کەلە تەمەنی منداڵیدا تووشی تاوان بوون.

لە دەنگدانی بڕیارنامەی هەڵوەشانەوە سزای ئیعدام لە جیهان لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هەشت وڵات لەوانە ئەمریکا، کووبا و رووسیە بێ لایەن بوون و ١٠ وڵاتی وەکوو چین، هیند، کوەیت، پاکستان و عەرەبستانی سعوودی دەنگی \'\'نەڕێنی\'\'یان بەو بڕیارنامەیەدا.