کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ئاستارا، تەقەی هێزەکانی رێژیم بووە هۆی بریندار بوونی هاووڵاتییەکی کورد

13:59 - 15 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە توندی بریندار بوو و لە ئەنجامدا لاقێکی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٤ی رەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'هێمن رەحیمی\'\' کوڕی \'\'جەعفەر\'\'، خەڵکی گوندی \'\'کاوڵانی خوارێ\'\' سەربە شاری مەهاباد، لە شاری \'\'ئاستارا\'\'ی سەربە پارێزگای مازندەران کەوتە بۆسەی هێزەکانی رێژیم و بە توندی بریندار بوو.
هێمن خێزاندار و تەمەنی ٢٦ ساڵ، بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە راستەوخۆ تەقەی لێکراوە.
لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی رێژیم بۆ سەر ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراو سێ گوللەی بەرکەوتووە کە گوللەیەکیان لە شانی کەوتووە و دوو گوللەی دیکەش لە لاقی چەپی دراوە.
بەهۆی سەختیی برینەکەی لاقی چەپی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن پزیشکانەوە بڕدراوەتەوە و هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئاستارا لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.