کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ستۆکهۆڵم ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا

19:10 - 17 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، لە ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سەردانی گۆڕی شەهیدانی حیزبیان لەو شارە کرد و وێڕای دانانی چەپکە گوڵی ڕێز و ئەمەگناسی بۆ ڕێگای پیرۆزیان، بەڵێن و پەیمانیان نوێ کردەوە کە درێژەدەری ڕێبازەکەیان بن تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانیان کە سەرکەوتن و ڕزگاریی کوردستانە.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و لەسەرەوەی هەموویان پێشەوا قازی محەممەدی نەمر، دەستی پێکرد.

دواتر عەلی ئەسوەند بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ستۆکهۆڵم، وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامان و ناردنی سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان، ئاماژەی بە ناوی شەهیدانی حیزب لەو شارە کرد و ژیاننامەی هەریەک لەو شەهیدانەی بەکورتی خوێندەوە.

دواتر پەیامی بنەماڵەی شەهیدان لە لایەن ڕەسوڵ قادری ئازەر برای شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەرەوە خوێندرایەوە.

پاشان سەکینە جەوانمەرد تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی لەو یادەدا پێشکەش کرد.

خاتوو سەکینە لە وتەکانیدا ئاماژەی دا بە خەباتی بەردەوامی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەستی و ئازادی و هاوکات مانەوە و درێژەدانی ئەو خەباتەشی بە بەرهەمی خوێنی شەهیدان زانی.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەوحی ڕێزلێنان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، کە لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بنەماڵەی ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی حیزب لە ستۆکهۆڵم کرا.