کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەڕی ناوخۆیی سووریە نزیک بە ١٣ هەزار ژن کوژراون

12:34 - 19 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاندووە، لە سێ ساڵی رابردوودا لانی‌کەم ١٢٨١٣ ژن لە شەڕی ناوخۆیی سووریە کوژراون.
هەواڵدەریی ئاناتۆلی بە پشت بەستن به رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنەوە بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی، زۆربەی ئەو ژنانە کەلە شەڕی سووریە کوژراون، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی رێژیمی سووریە لە دژی ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بووە.
بە وتەی ئەم ناوەندە چالاکەی بواری مافی مرۆڤ، لەسەدا ٨٧ی کوژراوانی ژن له شەڕی ناوخۆیی سووریە لە سێ ساڵی رابردوودا سڤیل بوون.
هەروەها راشیگەیاندووە: لەسەدا ١١ی تێکڕای کوژراوانی شەڕی ناوخۆیی سووریە ژنان پێکی دەهێنن.
گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە \'\'داعش\'\' سەربە گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، هەتا ئێستا ٣٣ ژنی سووریی کوشتووە.
لە شەڕی ناوخۆیی سووریە لە ژنان زیاتر وەکوو قەڵغانێکی مرۆیی یان ئامرازێک بۆ ئاڵوێری دیلەکان، کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا زیاتر لە یەک سەد و ٣٠ هەزار کەس کوژراون.