کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٠مانگدا ٣٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی منداڵان لە مازندەران ڕووی داوە

20:43 - 26 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٣٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی منداڵان لە پارێزگای مازندەران ڕووی داوە.

عەلی عەباسی بەرپرسی گشتی پزیشکی یاسایی لە پارێزگای مازندەران ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی منداڵان لەو پارێزگایە ڕووی داوە، کە لە کۆی گشتی ئەو ٣٠منداڵە، ٨ کەسیان کچ بوونه.

بە وتەی بەرپرسی پزیشکی یاسایی، لە ماوەی ١٠ مانگدا ٣٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی منداڵان لەو پارێزگایە تۆمار کراوە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە مردنی یەکێک لەو منداڵانە بە ناوی محەممەد حوسێن تەمەن دوو ساڵان کرد ، کە لە لایەن دایکیەوە بە هۆی لێدان و ئازارەوە تووشی زەربەی مێشکی هاتووە و گیانی لە ئەنجامدا دەست داوە.

بە وتەی بەرپرسی گشتی پزیشکی یاسایی پارێزگای مازندەران دوای پشکنینی پزیشکی ئەو منداڵە تەمەن دوو ساڵ و نیوە لە نەخۆشخانە، گوتی، لە سەر جەستەی محەممەد حوسێن شوێنی سووتاو، شێن و سوور هەڵگەڕاوی بەرچاو دەکەوێت.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ڕۆژانە لە ئێراندا، ٤٠٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی منداڵان ڕوودەدات.

هێندێک لە کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، بەرزبوونەوی ڕێژەی توندوتیژی دژی منداڵان بە هۆی کێشەکانی ئابووری و پێکهێنانی ژیانه هاوبەشی زۆرەملی ڕوو دەدات و هەروەها هێندێک یاسادانان بۆشایی یاسایی بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دژی منداڵان لە ئێراندا دەزانن.